زاری كرمانجی مێرگەسۆر:
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ئاشكرای كرد كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگی تایبەتی بە دەڤەری بارزان داوە و چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لەو دەڤەرە جێبەجێ كردووە، وەكوو پڕۆژەی ئاوی بارزان، كردنەوەی دەروازەی زێتێ و دامەزراندنی كارگەی زووم.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، رایگەیاند: “حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگی زۆری بە دەڤەری بارزان داوە و پڕۆژەی باش و ستراتیژی لەو دەڤەرە ئەنجامداون، لەوانە پڕۆژەی ئاوی بارزان مانگی 10ی ئەمساڵ تەواو دەبێت و ئاوی 51 گوند دابین دەكات و 220 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، پڕۆژەی گەیاندنی كارەبا بۆ پڕۆژەی ئاوی بارزان و باڵندا و پڕۆژەی كارەبا بۆ پڕۆژەی ئاوی دەرگەلی كە پڕۆژەی ستراتیژین، لەناو سەنتەری ناحیە و گوندەكانیش پڕۆژەمان ھەنە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت و مەلا مستەفا بارزانی زۆر ھاوكارن لەگەڵ ئێمە بۆ زیاتركردنی پڕۆژەكان.”
ئاماژەشی بەوە داوە: “ئێمە پێویستمان بە پڕۆژەی بەردەوام ھەیە لە ھەموو بوارەكان و كاری باشیشمان بۆ كراوە، ئەگەر دۆخی حكوومەت باشتربێت كاری باشتر دەكرێت، چونكە لەم كابینەیە پڕۆژەی باشمان بۆ كراوە، وەك كردنەوەی دەروازەی زێتێ و كردنەوەی كارگەی زۆم لەمێرگەسۆر، دەروازەی زێتێ زیاتر بۆ ھاتوچۆی گەشتیارییە و ھاتوچۆی تێدا بەردەوامە، بۆ ئەوەی بكرێتە بازرگانیش پێویستی بە ڕەزامەندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و توركیا ھەیە.”
راشیگەیاندووە: “كارگەی زووم زۆر فراوان بووە، بۆ نموونە پێشتر ھەزار خێزان سوودمەندیان لێی دەبینی ئێستا سێ ھەزار خێزان سوودی لێ دەبینن، ئێستا 35 تەن شیر لە خەڵك وەردەگرن و ھەلی كاری باشی ڕەخساندووە، ئێستا نووسینگەیان لە ئاكرێ، ئامێدی، چۆمان، سۆران و خەلیفان كردووەتەوە و بۆتە كارگەیەكی سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان و لە داھاتوودا بەرھەم بۆ ھەموو كوردستان دابین دەكات.”