شەهلا رەشید- مێرگەسۆر:
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر، گوتی: لە سنووری قەزای مێرگەسۆر نزیكەی 15 هەزار پوورە هەنگ هەنە و بە سەدان هاووڵاتی كاری هەنگەوانی دەكەن و ساڵانە بەرهەمەكەیان دەیان تۆن هەنگوینە.
محەممەد رەشید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند: كشتوكاڵ كەرتێكی زۆر فراوانە، بۆ نموونە لە هەنگەوانی دەتوانین بەرهەمی زۆرمان هەبێت، هەر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، نزیكەی 15 هەزار پوورە هەنگ هەنە، دەتوانین ساڵانە دەیان تۆن هەنگوین بەرهەم بهێنین، ئەمەشیان پێویستی بە بازاڕ كردنێكی باش هەیە تەنانەت لە هەرێمیش دەتوانین ساغ بكەینەوە، بەڵام دەبێ رێگری لەوانە بكرێت كە لە وڵاتانی دەورووبەر هەنگوین بە قاچاغی دێنە كوردستان، لەم حاڵەتەشدا بە پێچەوانەوە ئەوا ناڕاستەوخۆ زیان بە هەنگەوانەكانی ئێمە دەكەوێت و ناتوانن كاری هەنگەوانی بكەن.
ئاشكراشیكرد: هەنگوینی كوردستان لە هەموو پیشانگاكان باشترین هەنگوین بووە، چونكە ئەو پێكهاتە جوگرافیایەی كە هەمانە بە هەموو توانا سروشتییەكانییەوە لە زۆر شوێن نییە، كارگەیەكی بەرهەمهێنانی هەنگوینمان هەیە، ئەگەر بكەوێتە كار و بەرهەمی هەنگەوانان بە نرخێكی گونجاو بكڕێتەوە، هەنگەوانەكە و پڕۆژەكە هەردووكیان سوودمەند بن.