زاری كرمانجی-سۆران
هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەردەوامن و بە گوێرەی ئامارەكان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 500 كەس بە تۆمەتی بازرگانیی و بەكارهێنانی ئەو ماددانە دەستگیر كراون.
تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر و تیمێك لە وەزارەتی تەندروستی و لیژنەیەك لە پارێزگای هەولێر، بەردەوام سەردانی لەناكاوی كافەتریا و خواردنگەكان دەكەن بە مەبەستی پشكنینی ماددەی هۆشبەر بۆ تووتنی نێرگەلە و پشكنینی كارمەندانی كافێ و خواردنگەكان.
پشكنینی كارمەندەكانیش لە ڕێگەی پشكنینی زانستیی پزیشكییەوە دەكرێت؛ هەر كەسێك بەكارهێنەربێت، ڕاستەوخۆ لە پشكنینەكان دەردەكەوێت.
پەنا محەممەد، كارمەندی تەندروستی و ئەندامی لێژنەكە دەڵێت: “پشكنینەكانمان بریتین لە پشكنینی ماددەی هۆشبەر بۆ هەموو ئەو ستافانە دەكرێت كە لە كافێ و خواردنگەكان كار دەكەن. میزی ئەوانەی لەوێ كاردەكەن لەە تاقیگە دەپشكنرێت و بە شێوەیەكی ورد خوێندنەوەی بۆ دەكرێت؛ لە ئەنجامەكەی ئاگاداردەبینەوە و هەر كەسێك ئالوودە یاخود بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر بێت بەدڵنیاییەوە لە پشكنینەكانمان دەردەچێت”.
لێژنە تایبەتمەندەكان تـەواوی كافێ و خواردنگەكان لەگەڵ تووتنی نێرگەلەكان دەپشكنن. بەشێك لە تووتنەكان دەبەنە تاقیگەی گەورە و دەخرێتە ژێر لێكۆڵینەوەی وردەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ماددەی هۆشبەر لەناو تووتنی نێرگەلەكەدا هەیە یاخود نا. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەریش دەڵێت، بەڵێننامە بە خاوەنی كافێ و خواردنگەكان پڕ دەكرێتەوە.
ئەركان عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، “ئێمە پشكنین بۆ تێكەڵەی تووتنی نێرگەلەی كافتەریا و خواردنگەكان دەكەین تاوەكو دڵنیابینەوە كافتەریا و خواردنگەكان نابن بە ناوەندێك بۆ بڵاو كردنەوەی ماددەی هۆشبەر و لە هەمان كاتدا بەڵێنامە بە خاوەنی كافتەریا و خواردنگەكان پڕ دەكردەكەینەوە تاوەكو پابەندن بە ڕێنماییەكانی بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان”.
وەكو ئەوەی ئەركان عومەر باسی كرد، مەبەستیانە كە هەرێمی كوردستان نەبێت بە ناوەندێك یان شوێنێك بۆ ساخكردنەوەی ماددەی هۆشبەر و ” ئەگەر لە شوێنێك ماددەی هۆشبەر بەكار بهێنرێت، وەكو بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، بە توندترین شێوە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو شوێنانە دەگرینەبەر”.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 580 تۆمەتبار دەستگیركراون. لەو ژمارەیەش 328 تۆمەتبار كڕین و فرۆشتنیان بەو ماددانەوە كردووە و 76 كیلۆ ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.
هەڵمەتی پشكنینی ماددەی هۆشبەر بۆ كارمەندانی كافەتریا و خواردنگەكان، هەڵمەتێكە بە بەردەوامی دەكرێت و ئامانج لەم هەڵمەتە پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە لەو ماددانە.