مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، هۆشداری لە كەمیی ڕێژەی سەوزایی دەدات لە ئیدارەكە و قەزای ناوەندی سۆران یش بە نموونە دەهێنێتەوە كە ڕێژەی سەوزایییەكەی تەنیا 5 % يە.
هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “ڕێژەی سەوزایی لە ئیدارەی سۆران بە گشتی و قەزای ناوەندی سۆران بە تایبەتی، وەكوو پێویست نییە و نەگەیشتووەتە ئاستی ستانداردی جیهانی كە 25 % یە.”
هەژار، قەزای ناوەندی سۆران بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێ “ڕێژەی سەوزایی لە قەزاكە و دەوروبەری تەنیا 5 % یە، ئەمەش ڕێژەیەكی زۆر كەمە، بۆیە پێویستە بە هەر ڕێگایەك بێت ڕێژەكە بەرز بكرێتەوە بۆ ئاستی ستانداردی جیهانی كە 25 % یە.”
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، باس لە پلان و كاری ئایندەی فەرمانگەكەیان دەكات بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و دەڵێت “لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار كارمان لەسەر ئەوە كردووە كە هەر پرۆژەیەكی وەبەرهێنان جێبەجێ بكرێت لە ئیدارەكە دەبێت ڕێژەیی سەوزایی لە ناو پرۆژەكە 25 % بێت، ئەگەر نا دەبێت بۆ ماوەی سێ ساڵ پرۆژەیەك بە پێی ستاندارد 25 % بۆ ئێمە ساز بكات.”
دەشڵێت “لە ئێستادا ئیدارەی سۆران بەرفراوان بووە و شۆڕشێكی خزمەتگوزاری دەستی پێكردووە و پێمان وایە ئەم شۆڕشە لەسەر حیسابی كەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایییە، چونكە لە كاتی دروستكردنی هەر باڵەخانەیەك، قیرتاوكردنی هەر شەقامێك دەبێتە هۆكارێك بۆ لەناوبردنی سەوزایی، بۆیە پێویستە كۆمپانیاكان ناچار و پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی ڕێژەیی 25 % ی سەوزایی لە كاتی ئەنجامدانی هەر پرۆژەیەك لە ناوچەكە.”
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، هۆكارێكی تری كەمبوونەوەی سەوزایی لە سنووری ئیدارەی سۆران گەڕاندەوە بۆ بۆردوومان و تۆپبارانكردنی بەردەوامی توركیا و ئێران بۆ ناوچە سنوورییەكان و ساڵانە بڕینەوەی دارە بە تەمەنەكان لە لایەن هاووڵاتییانەوە بە بیانووی جیاواز.
پێشتریش فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران لە پێناو سەوزكردنی زیاتری ئیدارەكە و بە كولتوور كردنی چاندنی نەمام، پێشنیازی كردبوو لەگەڵ بەناو كردنی هەر ئۆتۆمبێلێك، پێویستە شۆفێرەكە نەمامێك بچێنێت و لەگەڵ لەدایكبوونی هەر منداڵێك باوان نەمامێك بچێنن.