مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە هۆشداری بەو كەسانە دەدات كە سەرپێچی لە ڕێنمایییەكان دەكەن و بە بێ موڵەت فەریزەی حەج بەجێ دەگەیەنن و ڕاگەیاند “ڕووبەڕووی توندترین سزایان دەكەینەوە.” هەروەها ئەنجوومەنی باڵای زانایانی سعوودیەش ئەو كەسانە بە گوناهبار ناو دەبات كە فەریزەی حەج بە بێ مۆڵەت ئەنجام دەدەن.
وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە لە ڕاگەیاندراوێكدا جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی سزادانی ئەو كەسانەی ڕاگەیاند كە بە بێ مۆڵەت فەریزەی حەج بەجێ دەگەیەنن و گوتی “ئەو سزایانەی دیاریكراون بۆ سەرپێچییەكان، هەر كەسێك جا هاووڵاتیی سعوودی بێت یان زیارەتكار، بێ وەرگرتنی ڕێپێدانی حەجكردن ئەو فەریزەیە ئەنجام بدات، بڕی 10 هەزار ڕیاڵ سزا دەدرێت كە دەكاتە 2 هەزار و 666 دۆلاری ئەمەریكی.”
ماوەیەكە قسە لە سەر بردنی حاجییان لە ڕێگەی ڤیزای ساڵی و بازرگانیی و بە قاچاخ بردنەوە دەكرێت و سعوودیەش ئەمە بە دژی یاسای وڵاتەكەی دەزانێت.
وەزارەتی ناوبراو ئاشكراشی دەكات كە سزاكە بەسەر ئەو كەسانەدا جێبەجێ دەكرێت كە لە مەككە و مەشاعر و ناوچەی مەركەزییە و وێستگەی شەمەندەفەری هەر دوو حەرەمەكە و هەر خاڵێكی پشكنینی كاتی بگیرێن.
بۆ ئەمساڵ چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ناویان هاتووەتەوە و 27ی ئەم مانگە یەكەم كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بەرەو سعوودیە بەڕێ بكەون.