زاری كرمانجی – چۆمان :
بەڕێوەبەری لاوانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ماوەی دوو ساڵە ڕەزامەندی كردنەوەی ناوەندی وەرزش و لاوانمان بۆ قەزای چۆمان وەرگرتووە، بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەر و ستاف تا ئێستا نەكراوەتەوە .
هابیل زرار بەڕێوەبەری لاوانی ئیدارەی سۆران، دووپاتی كردەوە:” لە نزیكەوە سەردانی قائیمقامیەتی چۆمانمان كردووە و هەموو ئامادەی خۆمان نیشانداوە و داوامان كردووە كەوا بۆ كردنەوەی ناوەندی وەرزش و لاوان هەموو ئاسانكاریەكی كارگێڕی و درایی دەكەین تەنها كەسێك وەك بەڕێوەر و دوو فەرمانبەری بۆ بگوازرێنەوە .
زیاتر گووتی:” ڕەزامەندی وەرگرتنی نەسریەی مانگانە و كردنەوەی ناوەندی وەرزش و لاوانی چۆمان هەیە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەر و ستاف نەكراوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە، ناوەندی وەرزش و لاوانی چۆمان باڵەخانەی تایبەت بەخۆی هەیە .
ناوەندەكانی وەرزش و لاوان لە كوردستان، كاری سەرەكییان گرنگیدانە بە وەرزش، رۆشنبیری، هونەری، فێرگەیی و كردنەوەی خوولە جۆرا و جۆرەكان، رەخساندنی هەلی كار و راهێنا و پیشەیی كردن بە گەنجان و لاوان و چەند كارێكی دیكە، لە پێنج قەزای ئیدارەی سۆران بوونی هەیە و تەنها چۆمان بێ ناوەندی وەرزش و لاوانە.