محەممەد مەحموود- سۆران :
بە مەبەستی رێکخستنەوەی بازاڕو شەقامەکان قایمقامییەتی قەزای ناوەندی سۆران لە پلانیدایە دیزاین و نۆژەنکردنەوە و گۆڕانکاری لە شەقام و ناو بازاڕی سۆران بکات، یەکەم جاریش لە شەقامی كاوە (حەریق) دەست پێدەکرێت.
رەجەب زوبێر حارس، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران لە لێداوانێکی تایبەت بۆ زاری کرمانجی گووتی” لە بەرنامەی ئێمە دایە دیزاین و نوێکردنەوە بۆ ناو بازاڕی سۆران و شەقامەکان بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش دەرخستەی تایبەت کراوەو چاوەڕوانی رەزامەندین ، یەکەم کاریشمان لە شەقامی حەریق دەبێت، وەک شەقامێکی سەرنج راکێشی قەزای ناوەندی سۆران و نۆژەنی دەکەینەوە”.
قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران لە رێگەی زاری کرمانجییەوە وردەکاری زیاتری خستەروو گوتی” شەقامی كاوە نۆژەندەکرێتەوە، سیستمی کارەبایی دەفن دەکرێت و بەردەم دووکانیش دەکرێنە یەک ئاست و کاری جوانکاری بۆ دەکرێت، لە قۆناغی یەکەم لەسەرەتای شەقامەکە تا بەردەم زاری کرمانجی نۆژەندەکرێتەوە، دواتریش تەواوی شەقامەکە رێکدەخرێتەوە، ئێنجا بەرنامەی ناو بازاڕو شەقامەکانی تریشمان دەبێت”.
رەجەب زوبێر، ئاماژەی بەوەشکرد” رەزامەندی وەرگیراوەو ئەوەی مابێتەوە لەم یەک دوو رۆژە لە گەڵ دووکاندارانی شەقامی حەریق کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی دەستبەو کارەبکرێت و ئەوانیش هاوکارمان بن بۆ جوانترکردنی شەقامی حەریق، بۆ ئەوەی ئەو شەقامە رووێکی جوانتری هەبێت.