مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێكدا كوشتنی فەرماندەیەكی باڵای حزبوڵڵای لە ناو خاكی لوبنان ڕاگەیاند.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـى ئایار، سوپای ئیسرائیل كوژرانی حوسێن مەكی فەرماندەی باڵای مەیدانی لە یەكەی “بەرەی باشوور”ی حزبوڵڵای پشتڕاست كردەوە و ڕاگەیاند لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە ئۆتۆمبێلی ناوبراویان لە باشووری شاری تایر كردووەتە ئامانج و لەگەڵ دوو هاوڕێ تری كوژراون.
سوپای ئیسرائیل مەكی بە بەرپرسیاری ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە ئیسرائیل ناو دەبات و دەشڵێت هەموو ئەوانە دەكەنە ئامانج كە بیانووی زیان بە ئیسرائیل بگەیەنن.
مەكی كەسێكی نزیكی نەسروڵڵای ڕابەری حزبوڵڵای لوبنانە و بە (بانكی زانیاری) و قۆڵێكی بەهێزی نەسروڵڵا دەناسرا، بە تایبەت لە جەنگی سووریا بەشداری كردووە و شانبەشانی ڕژێمی سووریا شەڕی دژ بە نەیارانی كردووە، هەروەها بەرپرسی پڕچەككردن و بەرپرسی پەیوەندییەكانی نێوان حزبوڵڵا و سوپای پاسداران بووە لە سووریا.