وەزیری پەروەردە لە سەردانی قوتابییە بریندارەکانی رووداوەکەی گەرمیان رایگەیاند” هیچ قوتابخانەیەک بۆی نییە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە، گەشتی زانستیی بۆ قوتابیان ڕێک بخات”.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی قوتابییە بریندارەکانی ڕووداوەکەی سەر ڕێگەی کفری- کەلاری کرد.
وەزیری پەروەردە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و وتی” دەسەڵات دەدەینە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەی قوتابیان، بۆ ئەوەی قوتابیان زەرەرمەند نەبن”.
لەبارەی ڕێنماییەکانیش بۆ گەشتیی زانستیی، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، لە پرسی گەشتی زانستی ڕێنمایی وەزارەتی پەروەردە هەیە، هیچ قوتابخانەیەک بۆی نییە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە، گەشتی زانستیی بۆ قوتابیان ڕێک بخات.
ئالان حەمە سەعید وتیشی” بۆ گواستنەوەی قوتابیان، لە ڕۆژی ٢٠ ی ٩ی ٢٠٢٣، بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی پەروەردە بە ژمارە ٣٨٩، بە ناونیشانی( سەلامەتی قوتابیان و خوێندکاران لە هۆکارەکانی گواستنەوە) دا، هەموو ئەو ڕێنماییانەی کە پێویستە کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن بیگرنە بەر، گشتاندنمان بۆی کردووە، دەشڵێت، من لە پێگەیەک نیم کەس تۆمەتبار بکەم، چونکە ئەوە کاری دادگایە ، پرسی ڕووداوەکە بەجێ دێڵین بۆ لایەنی پەیوەندیدار”.
لەبارەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان، وەزیری پەروەردە رایگەیاند” ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی تاقیکردنەوەی پۆلی نۆی بنەڕەتی ئەو قوتابخانانە بوو کە لە ١٣ی ٩ وە دەستیان بە خوێندن کرد و پابەندبوون بە ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە، و پرۆسەکە بەشێوەیەکی گشتیی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو”.