زارى کرمانجى-شەقلاوە
وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر داوای وەزارەتەکە؛ ڕەزامەندی وەرگیرا بۆ دابینکردنی ئامێری تیشکی لەرەلەری موگناتیسی MRI بۆ نەخۆشخانەی گشتیی شەقڵاوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى تەندروستى هاتووە، ئامانج لە دابینکردنی ئامێرەکە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی شەقلاوە کەمکردنەوەی ڕۆتین لەسەر هاووڵاتییان و بەرەو پێشبردنی خزمەتگوزاریی پزیشکییە بۆ دەڤەرەکە.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، گرنگیدان و بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی کردە خەمی سەرەکی و هەرە لە پێشینەی کارەکانی.
سەرەڕای قەیرانەکان و سەختی دۆخی ئابووری و سنووردارکردنی هاوکارییە تەندروستییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و بەهێزکردنی ژێەخانی تەندروستی، جێی بایەخ و کاری لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
لە ماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، 13 نەخۆشخانەی نوێ دروستکراون کە بەمەش ژمارەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 45 نەخۆشخانە و لە چەندین بواری دیکەشدا، هەر لە دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان، داتا فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرخەری ئەوەن، کە سێکتەری تەندروستی کە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، بەشێک بووە لە بەرنامە و پلانی تایبەتی کابینەی نۆیەم.