محەممەد مەحموود- سۆران :
كۆتایی ئەم مانگە ئەو كەسانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناویان لە تیرو پشك دەرچووە بۆ سەفەری حەج دوای تەواو كردنی رێكارەكان بەرەو وڵاتی سعودیە بەڕێدەكەون، ئەمڕۆش لە لایەن تیمێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران تەواوی ئەو كەسانەی سەفەری حەج دەكەن ڤاكسین دەكرێن.
لەم بارەیەوە مەلا یوسف چۆمانی، بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرەی ئیدارەی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ئەو كەسانەی ناویان دەرچووە بۆ سەفەری حەج لە رێگەی تیمێكی تەندروستی ڤاكسینیان لێدەدرێت، دژی نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان، سێ جۆر ڤاكسین لەو كەسانە دەدرێت كەوا ناویان بۆ حەج دەرچووە، ئەمەش لە پێناو سەلامەتی پارێزگاریكردن لە تەندروستیان.
بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومەرەی سۆران، باسی لەوەشكرد: بۆ ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٣٠٠ حاجی سەفەری سعودیە دەكەن بۆ بە جێگەیاندنی فەڕیزەی حەج لەوانە ١٥٤ پیاو و ١٣٥یش ئافرەتن، ساڵ بە ساڵیش ڕێژەی حاجییان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر ئەبێت بۆ ئەمساڵیش ئەو حاجییانەی كەوا سەفەری حەج دەكەن.
مەلا یوسف چۆمانی، ئاماژەی بەوەشدا كۆتایی ئەو مانگە یەكەم كاروانی حاجیانی ئیدارەی سۆران لە رێگەی وشكانییەوە بەڕێدەكەون، ٢٩ مانگیش ئەوانەی لەرێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر سەفەر دەكەن و تاكوو ٥-٦ تەوای حاجیان دەگەنە وڵاتی سعودیە.
لای خۆشیەوە دكتۆر كاروان جەمال، بەڕێوەبەری بەشی خۆپاراستن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند” وەك لایەنی تەندروستی پشكنینی پێویست بۆ ئەو كەسانە كراوە كەوا ناویان دەرچووە بۆ سەفەری حەج بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە لایەنی تەندروستییان، پێویستە ئەو كەسانەی سەفەری حەج دەكەن چارەسەرە پزیشكییەكان لە گەڵ خۆیان ببەن و بەكاری بێنن”.
كاروان جەمال، ئاماژەی بەوەشكرد ” لە سەر ئاستی وەزارەتی تەندروستی تیمێكی ٢١ كەسی پێكهێندراوە و بۆ یەكەمجاریشە لەسەر ئاستی ئیدارەی سۆران لەو تیمە تەندورستییەی وەزارەتی تەندروستی نوێنەرەمان دەبێت بۆ وڵاتی سعودیە بۆ ئەوەی لەكاتی چوون و مانەوەی حاجیان لە وڵاتی سعودیە چادێریان دۆخی تەندروستی حاجیان بكەن.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ٣ ملیار دیناری تەرخانكردووە وەك پاڵپشتی بۆ ئەو كەسانەی دەچنە وڵاتی سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەڕێزەی حەج، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومەرەشی راسپاردوون بە باشترین شێوە خزمەتی حاجیان بكرێت لە رووی چوون و هاتنەوە و خواردن و شوێنی مانەوەیان.