سیپان شێروانی لە دیمانەیەكدا رایگەیاند” ئەو بڕیارەی لە دادگای فیدراڵی دەرچوو لەگەڵ ئەو عەقلییەتەی لە عێراق هەیە، بەتایبەت لە وەزارەتی دارایی بەرانبەر بە كورد و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوانكراو بوو كە بەو شێوازە یاری بە مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە بكەن”.
شێروانی زیاتر روونیكردەوە” كۆمەڵێك شت كە باس دەكرێت بەناوی وردبینیی لیستی مووچە و چەندەها شتی دیكە، ئەمانە هیچ بنەمایەكیان نییە، چونكە كاتێك تۆ بەراوردی بابەتێك دەكەیت، دەبێت بابەتە ڕەسەنەكە دیار بێت، ئەوكات دەزانی جیاوازییەكە چییە”.
سیپان شێروانی ئاشكرای كرد” هەرچیەك ئێستە دەكرێت بیانوو هێنانەوەیە، هەروەها هیچ پاڵنەرێكی یاسایی دەستووری و كارگێڕی نییە بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هەركەسێكیش لە هەرێمی كوردستان یان بەغدا بیانوو بۆ ئەو سیاسەتە شۆڤینیانەی كە لەدژی مووچەخۆران و هەرێمی كوردستان دەگرنەبەر بهێنێتەوە، وەك ئەوە وایە كە بەشدار بووە لە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان”.