“سەرۆكی حكومەتی عێراقی فیدراڵ داوای بەدواداچوون دەكات”
” قەبارەی گەندەڵییەكە 75 ملیارد دینارە”
” كار لەسەر هێنانی 50 هەزار سەر مانگای نەخۆش بۆ هەرێم و عێراق كراوە “
” بەڵگەنامەكانی حكومەت ساختو كراون”
گەندەڵییەكی گەورەی هەریەك لە شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر و بەرپرسی مەڵبەندی سێی ئەو حزبە ئاشكرا دەبێت كە خۆی لە هاوردەكردنی 50 هەزار مانگای نەخۆش بە بەڵگەنامەی ساختە، دەبینێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بلاو كراونەتەوە و پشتیان بە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بەستووە، ڕۆژی 21ی نیسانی 2024، بەڵگەنامەیەكی (گومانبار بە ساختە) لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاشكرا كراوە كە بریتی بووە لە بەڵگەنامەی هاوردەكردن و ئاودیوكردنی پەنجا هەزار سەر مانگا بە ناوی كۆمپانیای (كاروان عەبدوڵا سەعید). بەڵگەنامەكە مۆر و واژۆیەكی هاوشێوەی مۆر و واژۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی بەسەرەوە بووە.
ئەو سەرچاوەیەی كەناڵەكانی راگەیاندن پشتیان پێ بەستووە ئاشكرای كردووە ” پاش ئەوەی بەڵگەكەیان پێشكەش بە دامەزراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، گومانی لە دروستیی بەڵگەنامەكان هەبووە، بۆیە پەیوەندییان بە نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە كردووە تا لە بەڵگەنامەكان دڵنیا ببنەوە، كەچی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ئاگادار كراونەتەوە كە ئەو بەڵگەنامانەی پێشكەش كراون، ساختەیە و مۆر و واژۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ساختە كراوە”.
دوای ئاشكرا بوونی ئەم ساختە كارییە ژمارەیەك لە كارمەندانی نووسینگەی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە دواداچوونیان كردووە بۆ هۆكاری رایینەبوونی ئەو مامەڵەیە و نەگەڕانەوەی بەڵگەنامەكان، لە رۆژانی دواتریش لەژێر فشاری خاوەن كۆمپانیاكە، چەند فەرمانبەرێكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كە لە شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵەوە نزیكن، هەوڵی زۆریان بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەكان داوە، تەنانەت هەوڵیان داوە بەڵگەنامەكان بەبێ ڕاییكردنیش وەربگرنەوە، ئەمەش بەهۆی ترسیان لە ئاشكرابوونی ساختەكارییەكەیان.
بە گوێرەی زانیارییەكان ئەو ساختەكارییە بە ئاگاداریی هەریەك لە شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، سەرۆكی لیستی یەكێتی لە هەولێر و دكتۆر مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لە هەولێر كراوە، كە خۆی پێشتر وەزیری تەندروستیی عێراق بووە لە ساڵانی نێوان 2010 تا 2014 و كەسێكی نزیكی شاڵاوی كۆسرەت ڕەسووڵە. ئەو كەسەشی كە بەڵگەنامە ساختەكراوەكەی بردووەتە ئەو دامەزراوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناوی كاروان عەبدوڵا سەعیدە و ئامۆزای دكتۆر مەجیدە، دواتریش گوشارێكی زۆریان كردووە تا بەڵگەنامە ساختەكان وەربگرنەوە.
ماڵپەری باسنیوز بڵاوی كردۆتەوە ” لە كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ، بە یەك جار و لە ڕێگەی یەك كەشتییەوە، 19 هەزار مانگا لە بەرازیلەوە هێندراونەتە بەندەرێكی عێراقی، بەڵام بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی و نەخۆشی و پۆخڵیی مانگاكانەوە، حكوومەتی فیدڕاڵی ڕێگەی بە هێنانە ناوەوەی ئەو مانگایانە نەداوە و رەوانەی سۆماڵ كراون، كەچی حكوومەتی سۆماڵیش ڕێگەی نەداوە مانگاكان ببرێنە نێو وڵاتەكەیانەوە، بۆیە رەوانەی عێراق كراونەتەوە”.
زیاتر روونكراوەتەوە ” پاش گەڕانەوەی مانگاكان لە سۆماڵ، شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ لە ڕێگەی دكتۆر مەجیدەوە كە پێشتر وەزیری تەندروستی بووە لە حكوومەتی فیدڕاڵی، مامەڵەیەكی ئەنجام داوە بەوەی ئەو 19 هەزار مانگایە لەگەڵ 31 هەزار مانگای دیكە كە سەرجەمیان پەنجا هەزار سەر مانگان و كۆی ئەو پارەیەی كە پێیان دراوە، دەگاتە نزیكەی 75 ملیار دینار، كڕدراون و دەیانەوێ لە بەندەرێكی ئێرانەوە بەنێو خاكی ئێراندا، هاوردەی عێراقی بكەن و لە ڕێگەی مەرزی باشماخ و حاجی ئۆمەران بیهێننە ناو هەرێمی كوردستان و دواتر بینێرن بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام لەبەر نەبوونی مەرجی تەندروستی، هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مۆڵەتی هاتنەژوورەوەیان نەداوە، بۆیە ئەوانیش بەڵگەنامەكەیان بە زمانی عەرەبی و بە ساختە دروستكردووە”.
زانیارییەكان لەم بارەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ” پاش ئەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیوەندیی بە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە كردووە، ئەم بابەتە بە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق گەیشتووەتەوە، بۆیە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەریەك لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و لێژنەكانی نەزاهە و كشتوكاڵی پەرلەمانی عێراق، نووسراویان كردووە بۆ بەدواداچوونی زیاتر، تاوەكوو ساختەكارەكان ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە”.