وەزیری كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ” ئەمڕۆ وەڤدێكی وەزارەتەكەمان سەردانی بەغدا دەكات، بۆ بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بڕیارە كۆبوونەوەیەك بكرێت و لەكۆبونەوەیەدا قبوڵی ناكەین حكومەتی عێراق ڕێژەمان بۆ دیاری بكات”.
بێگەرد تاڵەبانی ساتێك رایگەیاند ” ئەمڕۆ وەڤدێكی وەزارەت سەردانی بەغدا دەكات بەمەبەستی كۆبونەوە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقو چارەنووسی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم یەكلایی دەكەنەوە”.
ئەم وەزیرە روونیكردەوە “هەموو داواكارییەكانی بەغدامان جێبەجێكردووە بەمەبەستی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، بۆیە داواكارین لەحكومەتی عێراق جووتیارانی هەرێمی كوردستانو جووتیارانی ناوەڕاستو خوارووی عێراق بەیەك چاو سەیر بكات”.
لە بارەی دیاری كردنی رێژە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم بێگەرد تاڵەبانی گووتی “لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا قبوڵی ناكەین حكومەتی عێراق ڕێژەمان بۆ دیاری بكات، بەڵكو دەبێت بەگوێرەی ڕووبەری داچێنراو لەهەر دۆنمێك بەپێوەری كیلۆی گەنم مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمدا بكرێت”.