مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەو مرۆڤەی گورچیلەی بەرازی بۆ چێندرا، گیانی لە دەستدا و تیمی پزیشكیی ڕایانگەیاند پێ ناچێت هۆكاری مردنەكەی پەیوەندی بە گورچیلەكەوە هەبێت.
ڕیك سلەیمان ی تەمەن 62 ساڵ، چەندین ساڵە بە دەست پووكانەوە و ئازاری گورچیلەوە دەیناڵاند و ساڵی 2018 گورچیلەی مرۆڤی بۆ چێندرا، بەڵام دوای 5 ساڵ گورچیلەكە شكستی هێنا، بەر لە دوو مانگ لەلایەن تیمێك لە پزیشكانی نەخۆشخانەی ماساچوستسی گشتیی ئەمەریكا نەشتەرگەری چاندنی گورچیلەی بەرازی بۆ ئەنجام درا.
سلەیمان بەر لە جێهێشتنی نەخۆشخانە بە ڕاگەیاندنكارانی گوت “ئەمڕۆ بە تەندروستییەكی باشەوە نەخۆشخانە جێ دەهێڵم، ئێستا ئەوە ڕاستییە و یەكێكە لە خۆشترین ساتەكانی ژیانمە، بە پەرۆشەوەم كات لەگەڵ خێزان و هاوڕێ و ئازیزانم بەسەر ببەم، بەبێ ئەوەی ترسم لە نەخۆشی گورچیلە هەبێت كە بۆ ماوەی چەندین ساڵ كاری كردە سەر ژیانم.”
دوێنێ بنەماڵەكەی مردنی سلەیمان ڕاگەیاند و تیمی پزیشكانی نەخۆشخانەكەش دوای سەرەخۆشی و دەربڕینی نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە مردنی ڕیك، ڕایانگەیاند كە پێ ناچێت هۆكاری مردنی سلەیمان بە هۆی گورچیلەكەوە بێت.