زاری كرمانجی-سۆران:
لەپێناو کوردستانێکی پاک و سەوزدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دیدگایەکی ڕوون و قووڵی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانکارییەکانی ژینگە و کەشوهەوا بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان هەیە و ئەو ئامانجەش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە بۆ پراکتیزەکردنی ئەو دیدگایە، ئەویش لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆند، بووژانەوەی دارستانەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی پاک.
ڕۆژی یەکشەممە (12ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، بەشداری لە پانێلێک کرد و ڕایگەیاند: کاری زۆرمان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و یەکەم ناوچەی عێراقین گازی بەفیڕۆدراو بۆ وزەی نوێ بەکاردەهێنینەوە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ناوچەکانی بەستەوە بە زیادبوونی دیاردەی کۆچ کە دەبێتە هۆی گۆڕانی دیمۆگرافی لە داهاتوودا، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: کۆچکردن لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، تەنیا لە هەرێمی کوردستان ناوەستێت و دەگاتە ئەورووپا، ئەگەر ئەو وڵاتانە ئێستا بەشداری لەو کێشەیە نەکەن، لە داهاتوودا کۆچکردن بۆ وڵاتەکانیان؛ کێشەی ئەمنی، کولتووری، ئابووری و سیاسییشیان بۆ دروست دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (10ـی تەمموزی 2019) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، کارنامەی کابینەی نۆیەمی خوێندەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، “ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمی کوردستانە و کاردەکەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە کولتووری ژینگەپارێزی. کاردەکەین بۆ بەکارخستنی سیستمێکی پێشکەوتووی ریسایکل و چارەسەریی زبڵ و خاشاک و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان”.
هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستانێکی سەوز لە کار و پرۆژەکاندا ڕەنگیدایەوە: لەوانە قەدەغەکردنی سووتاندنی گازی کێڵگەکان، بەشێوەیەک: لە پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە 150 ملیۆن مەتر سێجا گازی زیانبەخش دەسووتێنرا و تێکەڵ بە هەوای پاک دەکرا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەمەی قەدەغە کرد.
هاوکات لە چوار ساڵی ڕابردوودا شەش ملیۆن مەتر دووجا ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانە سرووشتییەکان دروستکراوە، هەروەها دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن پورەی هەنگ و زیاتر لە سێ ملیۆن داری دارستان و باخداری چێندراوە و کەمکردنەوەی لێدانی بیرە نایاساییەکانیش بە ڕێژەی 90% کەمی کردووە، جگە لەمانە ئێستا پاشماوە پزیشکییەکان بە ئامێری تایبەت دەسووێندرێن کە رێگری لە هاتنی دووکەڵ و پاشماوە ژەهراوەییەکان بۆ نێو کەشوهەوای کوردستان دەکات.
لە کەرتی کارەباشدا لە هەرێمی کوردستان، لە سێ سەرچاوەی وزەی پاك کارەبا بەرهەمدەهێندرێت کە بریتین لە کۆمباین سایکڵ، وزەی خۆر و ئاو. ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی پاك لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20%ـی تێکڕای ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.
بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لە وزەی پاک لە بەرهەمهێنانی کارەبا، لە مانگی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە وزەی خۆری لە هەرێمی کوردستان دانا.
پرۆژەکە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بە توانای 25 مێگاوات ئەنجام دەدرێت، بڕیارە لە ساڵی 2024 تەواوبکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەشێکە لە دیدگای سەرۆکوەزیران و رووکردنە ئاراستەی وزەی نوێبوو و دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنی بەردینی.
لەمیانی دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هیوادارم ئەم ھەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هاوشێوە لە داهاتوودا و لە سەرانسەری شارەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت .
بەپێی خەمڵاندنەکان هەر یەک مێگاوات کارەبا کە لە وزەی خۆر بەرهەمدەهێندرێت لە هەر کاتژمێرکێدا، ڕێگری لە چوونی 350 کیلۆگرام گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ ناو هەوا دەکات. بە گشتی لە ڕێگەی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی پاکەوە، لە هەر رۆژێکدا ڕێگری لە چوونی چوار هەزار و 800 تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەکرێت بچێتە ناو هەوای کوردستانەوە.
هەروەها کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 پۆندی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دروستکردووە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران. ئەم پۆندانە وەک کۆکردنەوەی ئاو بۆ وەرزی هاوین کاردەکەن، کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کەرتی ئاژەڵداری دەپارێزن، جگە لەوەی ڕێگری لە لافاو و تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکات.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان و گرنگیدان بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی بەتایبەتی لە ناوچە پیشەسازییەکان و پرۆژەکانی وەبەرهێنان کە لە قۆناغی دروستکردنان یاخود پێشتر تەواوکراون، بە تەرخانکردنی رێژەی پێویست بۆ سەوزایی، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە و کەشوهەوای کوردستان دەبێت، بۆ ئەمەش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کارگەیەکی پێشکەوتووی ریسایکلینی قیری لە هەولێر کردەوە. کارگەکە بەگوێرەی ستانداردی ژینگەیی هاوچەرخ دروستکراوە و یەکەم کارگەیە لەو جۆرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکەوێتە کار. لە کردنەوەی ئەو پرۆژەیەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم پرۆژەیە جەخت لە پابەندبوونی حکوومەت بە پاراستنی ژینگە و چاکسازی ئابووری دەکاتەوە.
سەبارەت بە ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، ڕێژەی سەوزایی لە 15%ـەوە بۆ نزیکەی 20% بەرزبووەتەوە، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی ستراتیژی کردووە کە تاوەکو ساڵی 2030 بتوانن 100 ملیۆن داربەڕوو لە سنووری پارێزگای هەولێر بچێنن، لە قۆناغی ئێستادا زیاتر لە 300 هەزار داربەڕوو چێندراون و پرۆژەی هاوشێوەش لەسەر ئاستی کوردستان جێبەجێدەکرێت و بەردەوامیشە.
لەگەڵ ئەوەشدا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەرجی داناوە کە هەر پرۆژەیەک کە مۆڵەتی وەرگرت، دەبێت ڕووبەری لە 25%ـی پرۆژەکەی بکاتە سەوزایی، بەڵام ئەوانەی ئەو ڕێژەی پڕۆژەکەیان نەکردووەتە سەوزایی، دەبێت لە “پرۆژەی لەبری سەوزکردن” بەشداری بکە کە پێویستە لە بری پڕۆژەکەی خۆی، شوێنێکی دیکە بکاتە سەوزایی بەو مەرجەی لەژێر چاودێری خۆی بێت و گرنگیشی پێبدات، هاوکات لە بەرنامەدایە، ئەم پرۆژەیە قوتابخانەکان و زانکۆکانیش بگرێتەوە.
لە ڕووی یاساییەوە، لە ساڵی 2022، حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 14ـی پەسەندکرد کە تایبەتە بە پاراستنی ئاژەڵە کێوی و بێسەرپەرشتەکانە لە مامەڵەی ناتەندروست. هەر لەو ساڵەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 4ـی تایبەت بە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە پیسبوونی پیشەسازی یان گۆڕینی تۆپۆگرافی دروستکراوی مرۆڤ پەسەندکردووە.
گرنگیدان بە پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ستراتیژ هەنگاوی کرداری بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نراوە و پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەت، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و دەستەی ژینگە جێبەجێدەکرێن.