شەهلا رەشید- سۆران
لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، لە رۆژی جیهانی پەرستاران، رێز لە چەند پەرستارێكی خۆبەخش گیرا.
د. رێباز ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لە هەموو بەشەكانی نەخۆشخانەكەمان نزیكەی 100 پەرستاری فەرمی و زیاتر لە 120 پەرستاری گرێبەستمان هەنە و بەشێك لە خۆبەخشەكان نزیكەی 10 ساڵە خزمەتیان هەیە و شان بە شانی پزیشكەكان خزمەت دەكەن، هەر بەم بۆنەشەوە پیرۆزبای لە سەرجەم پەرستاران دەكەم، ئەوان خزمەتێكی زۆر لە پیشەكەیان دەكەن و ماندوون.
گووتیشی” دەوامی پەرستارانی فەرمی و خۆبەخش تا ئاستێك وەك یەكە، بەڵام لەڕووی یاساییشەوە ناتوانن هەموو ئەركێك لە ئەستۆ بگرن یاخود ئێمە فشاریان بخەینە سەر، چونكە ئەوان بە خۆبەخش كار دەكەن و رۆژانە چەندەها نەخۆش بەڕێ دەكەن، بۆیەش داوا لە حكوومەت دەكەم ئاوڕێكی جدی لە پەرستارانی خۆبەخش بداتەوە و بەشێكیان بكرێنە گرێبەست، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن ئەو فشارانەی لەسەر نەخۆشخانە و كارمەندەكانی دیكە هەیە كەمتر بكرێنەوە.