بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی ڕواندز : دەرمانی قەڵاچۆكردنی كوللە مان دابەشی سەر جووتیاران كردووە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ ڕێژەی بارانبارین زۆر بوو، بەڵام لە چەند ناوچەیەكی سنووری قەزای ڕواندز كوللە زیانی لە گەنمی جووتیاران داوە.
پەیام سەبری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ڕواندز بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “ئەمساڵ كوللە بە تایبەتی زیانی لە جووتیارانی ناحیەی وەرتێ و كەڵێتە و گوندی سەران داوە.”
دەشڵێت “لەپێناو ڕێگریكردن و كەمكردنەوەی زیانەكانی كوللە، دەرمانی قەڵاچۆكردنی كوللە لە جۆری (فلاش) مان دابەشی سەر جووتیارانی ناوچەكە كردووە و تا ئێستا 185 جووتیار سوودمەند بوونە و پرۆسەی دابەشكردنی دەرمانەكەش بەردەوامە.”
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ڕواندز هۆشداریش دەدات لەوەی دەرمانەكە زیانی بۆ مێش هەنگ و ماسی هەیە، بۆیە داوا لە جووتیاران دەكات ڕێنمایییەكانی ئەوان جێ بە جێ بكەن و ئەو شوێنانەی ماسی یان هەنگی لێ یە دەرمانەكە بەكار نەهێنن.