شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ چەند زانیاریەك لەبارەی كیسی سەر جگەر دەخاتەڕوو، هەروەها نیشانەكانیشی ئاشكرا دەكات.
د. هێمن حسێن كاكە عەلی، پسپۆڕی وردی نەشتەرگەری هەرس، جگەر، پەنكریاس و نەشتەرگەری قەڵەوی، بە زاری كرمانجی راگەیاند” كیسی سەر جگەر بریتیە لە دروستبوونی كیسێكی نا ئاسایی شلە لەجگەردا، هەندێكیان كیسی ئاوی ئاساییە و هیچ زیانێكی تەندرووستی بۆ چارەخواز دروست ناكات، بەڵام هەندێكجار هۆكارەكەی كرمی جگەرە كە بەهۆی مشەخۆرێكەوە دروست دەبێت و پێی دەڵێن”كرمی شریتی” دوای ئەوەی هێلكەی كرمەكە دەچێتە كەسی تووشبوو و دەبێتە هۆی دروستبوونی كیسی پڕ لە شلە، كە لە جگەر، سییەكان، ماسوولكە، ئێسك و گورچیلە زۆرترە.
نیشانەكانیشی بریتین لەمانە:
- ئاوسان و ئازاری سك، ئەویش لە بەشی سەرەوەی لای راستی سكدایە، ئەگەر قەبارەی كیسەكە بەردەوامبوو لە زیادبوون لەوانەیە ئازاری كتوپڕ و توند دروست بكات.
- هەستكردن بە تێری و كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.
- ئازار لە شان، ئەگەر كیسەكە پچڕا دەبێتە هۆی ئازارێكی توندی شان و قۆڵ.
- هێڵنجدان، رشانەوە و دڵەكزێ.
-هەرسنەكردنی خۆراك
-هەناسەتەنگی
-زەردوویی، ئەگەر كیسەكە ببێتە هۆی گیرانی بۆڕی زراو.