شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” شەربەت یاخود جەلی خەوتن، كە ناسراون بە ئارامكەرەوە بۆ منداڵ، هەتا بكرێت بەكار نەهێنرێت بەڵام ئەگەر بەكارهێنرا پێویستە لە ژێر چاودێری پزیشكدا بێت و تەنها لەو حاڵەتانەدا بێت كە خەوی منداڵ لە رادەبەدەر كێشەی هەبێ.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” هەر دەرمانیكی خەوتن چ شەربەت یان جەلی، نابێت بەبێ ئاگاداری پزیشك بدرێتە منداڵان، ئەگەر دایكان هەوڵبدەن فێریان بكەن بەیانیان زوو لە خەو هەڵسن، چەند چالاكییەكی وەرزشی ئەنجام بدەن، لە خواردنە زیانبەخشەكان دوور بكەونەوە، ئەوا منداڵەكە خۆی هیلاك دەبێت و شەوانە زوو دەخەوێت و پێویست بە هیچ جۆرە ماددەیەكی خەوتنیش ناكات.
گووتیشی” لە هەر حاڵەتێكدا ئەگەر ناچار بووی دەرمانی خەوتن بدەی بە منداڵەكەت، پێویستە لە ژێر چاودێری پزیشك و بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بێت، ناكرێت هەر كات كە خەوی لێنەكەوت بە ئارەزووی خۆت جەلی یاخود شەربەت بەكاربهێنی، چونكە ئەمانە ماددەی میلاتونینیان تێدایە وا دەكات خۆی پێوە بگرێت و بەبێ ئەم ماددەیە خەوی لێنەكەوێت.
ئەم پزیشكە ئاشكراشیكرد” ئەم جۆرە دەرمانانە بە هیچ شێوەیەك ناكرێت بدرێتە ئەو منداڵانەی خوار تەمەن سێ ساڵانن و ئەوانەی تازە لە دایك دەبن، چونكە ئەگەر كێشەیەكی تەندروستیشیان هەبێت لەوانەیە بەهۆی خواردنی ئەم ماددانە كۆرپەكە بە خەبەر نەهێتەوە.