” پێشمەرگە بەهێزێكی كەم، بەڵام ورەیی پۆڵایین داستانێكی مێژووییان تۆمار كرد”

محەممەد مەحموود- ڕواندز:
لە ڕۆژێكی وەكوو ئەمڕۆ لە ١٢-٥-١٩٦٦ لە چیای هەندرێن هێزێك لە پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و حزبی شیوعی یەكێك لە نەبەردی ترین داستانی مێژووییان تۆمار كرد، دژی ڕژێمی ئەوسای عێراق، پێشمەرگە بەهێزێكی كەم و بە ورەیەكی پۆڵایی نەوە توانییان داستانێك تۆمار بكەن، تا مێژوو ماوە بیر نەچێتەوە.
لەم بارەیەوە كرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان، باوكی ئەو لەو كات فەرماندەیەكی پێشمەرگە بوو لەو شەڕەدا و لە پەرتووكی (شانێك بە بن باری نیشتمانەوە) ی عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، بەوردی ئاماژە بە داستانی هەندرێن كراوە ، لە بارەی یادی ئەو داستانە دەڵێت ” ٥٨ ساڵ بە سەر داستانی هەندرێن تێ دەپەڕێت ، لە ساڵی ١٩٦٦، ١٥٠ پێشمەرگەی هێڕشبەروو ١٠٠ پێشمەرگەی پاڵپشت، لە ماوی ٣ كاژمێر لیوای چواری ڕژێمی ئەوسای عارفیان تەفروتونا كرد”.
كرمانج عزەت ، باس لەوەش دەكات “داستانی هەندرێن، داستانێكە تا ئێستاش دەزگای سەربازی عێراق باوەڕ ناكات چۆن تەنیا بەو هێزە بچووكە و لەو ماوەیە كەمە ٩٥ سەنگەر دەستی بەسەردا بگیرێت، زیاتر لە چوارسەد سەرباز بكوژرێ و ٥٩ لاشەیان لەگەڵ نۆ دیل و هەموو ممتلكاتی لیوای چوار بكەوێتە دەستی پێشمەرگەی هێزی باڵەك. ئەو شەڕە كە بە خوێنی پاكێ سێ شەهید و نۆ بریندار تۆمار كرا، سەرتاپای چیای هەندرێن پاك كرایەوە. ئەو سەركەوتنە بووە مایەی ناچار بوونی ڕژێمی ئەوسا كە واز لە هێرشی سەربازی بهێنێت و دەست بە دانوستان بكات”.
بەرپرسی لقی ٢٦ باس لەوەش دەكات ” سەركەوتنی هەندرێن تاقیكردنەوەیەكی گەورەی هاوكاری نێوان هێزەكانی پارتی و شیوعی بوو، كە هێزی یەكگرتووی پێشمەرگەی تێر ورە و تێر بڕوا بە یەكتری كرد.
شەهیدانی ئەو داستانە :
١- شەهید خدر عەوڵا بەگ دەرگەڵەیی.
٢- شەهید عەریف یونس هەولێری
٣- شەهید ساڵح مام الیاس ڕواندزی.