محەممەد مەحموود- سۆران :
کۆتایی ئەو مانگە ئەو کەسانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناویان لە تیرو پشک دەرچوو بۆ سەفەری حەج دوای تەواو کردنی رێکارەکان بەرەو وڵاتی سعودیە بەڕێدەکەون و یەکەم کاروانیش لە ڕێگەی وشکانییەوە سەفەر دەکەن.
لەم بارەیەوە مەلا یوسف چۆمانی، بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرەی ئیدارەی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند ” ئامادەکارییەکان تەواو بوونە کۆبوونەوەی تایبەتیش لەگەڵ حاجیانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراوە لە بواری کارگێری و ئایینی و تەندروستی ڕێنمایی پێویستیان پێدراوە”.
بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومەرەی سۆران باسی لەوەشکرد” بۆ ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٣٠٠ حاجی سەفەری سعودیە دەکەن بەوە بە جێگەیاندنی فەڕیزەی حەج لەوانە ١٥٤ پیاو و ١٣٥یش ئافرەتن، ساڵ بە ساڵیش ڕێژەی حاجییان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر ئەبێت بۆ ئەمساڵیش ئەو حاجییانەی کەوا سەفەری حەج دەکەن “.
مەلا یوسف چۆمانی، ئاماژەی بەوەشدا کۆتایی ئەو مانگە یەکەم کاروانی حاجیانی ئیدارەی سۆران لە رێگەی وشکانییەوە بەڕێدەکەون، ٢٩ مانگیش ئەوانەی لەرێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر سەفەر دەکەن و تاکوو ٥-٦ تەوای حاجیان دەگەنە وڵاتی سعودیە.
لای خۆشیەوە دکتۆر کاروان جەمال، بەڕێوەبەری بەشی خۆپاراستن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” وەک لایەنی تەندروستی پشکنینی پێویست بۆ ئەو کەسانە کراوە کەوا ناویان دەرچووە بۆ سەفەری حەج بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە لە لایەنی تەندروستییان، پێویستە ئەو کەسانەی سەفەری حەج دەکەن چارەسەرە پزیشکییەکان لە گەڵ خۆیان ببەن و بەکاری بێنن”.
کاروان جەمال، ئاماژەی بەوەشکرد ” لە سەر ئاستی وەزارەتی تەندروستی تیمێکی ٢١ کەسی پێکهێندراوە و بۆ یەکەمجاریشە لەسەر ئاستی ئیدارەی سۆران لەو تیمە تەندورستییەی وەزارەتی تەندروستی نوێنەرەمان دەبێت بۆ وڵاتی سعودیە بۆ ئەوەی لەکاتی چوون و مانەوەی حاجیان لە وڵاتی سعودیە چادێریان دۆخی تەندروستی حاجیان بکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٣ ملیار دیناری تەرخانکردووە وەک پاڵپشتی بۆ ئەو کەسانەی دەچنە وڵاتی سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەڕێزەی حەج، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومەرەشی راسپاردوون بە باشترین شێوە خزمەتی حاجیان بکرێت لە رووی چوون و هاتنەوەو خواردن و شوێنی مانەوەیان.