زاری كرمانجی-سۆران
بەگوژمەی نزیكەی چوار ملیار دینار چەند پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران جێبەجێ دەكرێن و دەكەونە خزمەت هاووڵاتییان.
ئەندازیار تەحسین سەعدوڵڵا بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت ” ئەم پڕۆژانەی لە ئێستادا كاریان تیادا دەكرێت بریتین لە پڕۆژەی ئاوی ناحیەی كانیەڕەش (بەرمیزە) لە سنوری قەزای سیدەكان، بە گوژمەی زیاتر لە 1 ملیار و 14 ملیۆن دینار، هەروەها پڕۆژەی ئاوی گوندی كەورین سەربە قەزای سۆران بە گوژمەی 290 ملیۆن دینار كاركردنی تیادا بەردەوامی هەیە، هەروەها دانانی تۆڕی ئاو لە نێوان هەردوو گەڕەكی (سەروچاو-كانی) لە سنوری ناحیەی دیاناو نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاو لە چەند گەڕەك و شوێنێكی دیكەی سنورەكەمان بەردەوامیان هەیە”.
گووتیشی: ” هەروەها ڕەزامەندی دەرچووە بۆ جێبەجێ كردنی سێ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە لە سنوورەمان و گوژمەی پێویستی سەرەتایی یان بۆ تەرخان كراوە، كە بریتین لە تەرخانكردنی زیاتر لە 2 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی ناحیەی قەسرێ”.
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوندەكانی دۆڵی خانەقا سەربە ناحیەی وەرتێ گوژمەی 300 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانراوە، پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاكۆیان لە سنووری قەزای ڕواندز قۆناغی یەكەم بڕی 300 ملیۆن دیناری تەرخانكراوە”.