شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، باسی نواندن و كەسایەتی راستەقینە دەكات لەنێوان مرۆڤ دا.
د. خاڵس قادر، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و راهێنەرە ئەقلییەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” مرۆڤ وەك بوونەوەرێكی كۆمەلایەتی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەورووبەردا، بەردەوام لە نواندن دایە ( تەمسیل دەكات)، لەبەر ئەوە هەر كەسێك لە ژیانی رۆژانەدا چەندین كەسایەتی جیاوازی هەیە و بە چەندین شێوە نواندن دەكات، ئەگەر بمانەوێت نموونەیەك وەرگرین لەسەر فەرمانبەرێك، لە شوێنی كاركردنیدا و لەگەڵ فەرمانبەرانی تر بەجۆرێك مامەڵە دەكات بەپێی دوور و نزیكیان لێی و تێروانینی بۆیان،كە چی لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرووتر بەجۆرێكی تر، بۆ سەردانكەر و هاووڵاتیش بەشێوازێكی دیكە، بەڵام كاتێك ئەركەكەی تەواو بوو هەتا دەگەڕێتەوە ماڵەوە دیسان هەڵسوكەوتەكانی جیاوازن، دواتر كە گەیشتە ماڵەوە ئەوا دەگەڕێتەوە سەر كەسایەتی راستەقینەی خۆی و بۆ ماوەیەك واز لەنواندن دەهێنێت، كە میوانێكی بۆ دێت دیسان بەشێوازێكی دیكە لەگەڵیان نواندن دەكات.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، دشڵێت” جێگای سەرنجە ئەوەش بزانین:
-سەرجەم ئەو نواندنانە رێژەیینە و لە كەسێك بۆ كەسێكی تر و لەكاتێك بۆ كاتێكی تر دەگۆڕێت.
-هەرچەندە رێژەی نواندنن جیاوازی نێوان نواندن و كەسایەتی راستەقینە زیاتر بێت، كەسەكە ماندوو و شەكەتتر دەبێت كاتێك دەگاتەوە ماڵەوە.
-زۆرجار كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر زێدەڕەوی لە رەفتاری كەسەكە وەك هەڵچوونێكی زۆر بەرامبەر شتێكی سادە، لەبەر ئەوە گوتراوە ئەگەر دەتەوێت كەسایەتی راستەقینەی كەسەكان بزانیت، سەیركە چۆن مامەڵە لەگەڵ كەسانی خوار خۆی دەكات، چونكە لەگەڵ ئەو ئاستە كەسەكە نواندن ناكات یان زۆر بە كەمی نواندن دەكات.
-كەسایەتی راستەقینە ئەو تایبەتمەندیانەن لە كەسەكەدا كە بەردەوام لەگەڵیدان، لەگەڵ هەموو كەسێك و لەهەموو شوێنێك بەو جۆرە مامەڵە دەكات بەبێ گوێدانە بەرامبەر و بارودۆخەكە.