بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: كۆتایی ئەمساڵ كارەكانی پڕۆژەی دووسایدی سپیلك – خەلیفان بە كۆتا دێت
زاری كرمانجی :
لە ژێر چاودێری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گووژمەی 76 ملیار دینار، كاركردن لە پڕۆژەی دووسایدی رێگای سپیلك بۆ خەلیفان بەردەوامی هەیە و بەشی زۆری كارەكانی بەكۆتا هاتووە، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە باسی گرنگی پڕۆژەكە دەكات و كات و ساتی تەواوبوونی دووسایدەكە ئاشكرا دەكات.
دكتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند:” پڕۆژەی دروستكردنی رێگای سپیلك بۆ خەلیفان بەشێكە لە پڕۆژەی رێگای هەولێر بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران، كە ١٠كم دەبێت و لە سپیلك تا خەلیفان دەستپێدەكات و بەرەو زارگەلی دەچێت و ئێستا ڕێژەی تەواوبوونی ٧٦%دەبێت .
زیاتر گووتی:” تێچووی پڕۆژەكە 76 ملیار دینارە و بە شێوەیەكی زۆر باش دروست دەكرێت و ژمارەیەكی زۆری بەرزە پرد و سووڕانەوەی تێدایە، بۆیە بە بەرزترین مواسەفاتی ئەندازیاری دروست دەكرێت”.
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەشی بەوەدا:” بڕیارە بەشەكانی دیكەش دروست بكرێت لە خەلیفان بۆ زارگەلی و تا سۆران بڕوات دواتر بۆ چۆمان، بۆیە بەهۆی دۆخی دارایی ناتواندرێت بەیەكجار هەموو بەشەكان جێبەجێ بكرێت، بۆیە ئەو رێگایە زۆر گرنگە و لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئێرانە، تا كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەكە تەواو دەبێت و بەفەرمیی دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتیان بۆ هاتووچۆكردن، كە رێگایەكی ستراتیژی و نێودەوڵەتییە”.