بەختیار سەباح -زاری کرمانجی:
دیزاینێکی سەرەتایی بۆ ئەشکەوتی شانەدەر دەدرێتە تێمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی، کە چەند بەشێکی گرینگی تێدایە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و پاراستنی کەلوپەلەکان.
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوارو کەلەپووری سۆران، لەمبارەیەوە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: ”داوامان لە تیمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی کردووەو دیزانێکی سەرەتایی ئەشکەوتی شانەدەریان پێدراوە، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن، تا لەگەڵ سروشت و هەڵکەوتەی جوگرافی ئەشکەوتەکە بگونجێت”.
هەروەها گووتیشی: ” نەخشەی دیزاینەکە پێک دێت لە پاڕکێکی شوێنەواری، کە مۆزەخانەیەکی تێدایە هەموو خزمەتگوزارییەکان لەخۆ دەگرێت، بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و ئەو کەسانەی سەردانی شوێنەکە دەکەن، شوێنی پشوودان، هەروەها هۆڵێکی تایبەتیش بۆ پێشاندانی ئەو ئیسک و پروسک و کەلوپەلانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر دەدۆزرێنەوە، بەڵام ئەو دیزاینە سەرەتاییەو لەوانەیە گۆڕانکاری بەسەردا بێت و بەشەکانی لێ زیادو کەم بکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەللـەسەری ئەو ئافرەتە نیاندەرتاڵەی لە ئەشکەوتی شانەدەردۆزرایەوە، دەسکەوتێکی گەورە بوو بۆ کوردستان و هەموو جیهان، بۆیە ئەگەر گەڕێندرایەوە کوردستان دەبێ لە مۆزەخانەی نیشتمانی دابنرێت و شوێنێکی پارێزراو بێت، چونکە ئاسان نییە لە شوینێک بێت نەتوانین پارێزگاری لێ بکەین، کە بابەتەکە پەیوەندی بە هەموو مرۆڤایەتییەوە هەیە”.