مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ئاسایشی نیشتمانی بۆ ساڵانی 2024-2028 بڕیاری دا كە هێزی پێشمەرگە لە گومرگی كڕینی سەربازی ببەخشرێت و لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە چەكیان بۆ دابین بكرێت.
ئەم بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكە درا، كە دوێنێ ئێوارە 8ـى ئایار بە سەرۆكایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕاگەیاند “ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی لە چوارچێوەی (ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی 2024-2028) ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەخشینی هێزەكانی پاسەوانی هەرێمی كوردستانی عێراق (پێشمەرگە) لە گومرگی پەیوەست بە كڕینی سەربازی، هاوشێوەی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەو مەرجەی پڕچەككردنی ئەو هێزانە لە ڕێگەی وەزارەتی بەرگری عێراقەوە بێت.”