مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕاوێژكارێكی كۆمەڵەی بانكە ئەهلییەكانی عێراق پێی وایە ساڵی داهاتوو بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی بەرز دەبێتەوە و 100 دۆلار بەرامبەر بە 100 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
د. سەفوان قوسەی، ڕاوێژكاری كۆمەڵەی بانكە ئەهلییەكانی عێراق دەڵێ “سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریكا، دەریخست كە دەكرێت پرۆسەی بێبەشكردنی بانكەكان لە دۆلار ڕاست بكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تێڕوانینێكی ئەرێنی دروست بووە كە پێویستە سیستەمێكی بانكیمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت پێویستیی حەواڵە پڕ بكاتەوە، ئەمەش بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز دەكاتەوە.”
ڕاوێژكاری كۆمەڵەی بانكە ئەهلییەكانی عێراق دەشڵێت “ئەگەر وەزارەتی دارایی بتوانێت قەرزە ناوخۆیییەكان و بانكی ناوەندی بداتەوە كە زیاتر لە 45 ترلیۆن دینارە، ئەو كات نەختینەی بانكەكە بەهێز دەبێت و پاڵپشت بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار و بەهای یەك دۆلار بۆ هەزار دینار داببەزێنێت.”
ئاشكراشی دەكات بە هاتنی بازرگانی زیاتری وەكو بازرگانانی جگەرەوە و زێڕ خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕ كەمدەكاتەوە.