بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران: مەرج بوو لە خولەکە ئافرەت بەشدار بێت
زاری کرمانجی-سۆران:
خولێکی تایبەت بە پیشەی هەنگەوانی بۆ 105 پیاو و ئافرەتی سنووری ناحیەی بارزان کرایەوە، لە کۆتایش بڕوانامەی بەشداریکردن و کەلوپەلی هەنگەوانیان پێبەخشرا.
کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: ” بە هاوکاری و پاڵپشتی رێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP)، بە هەماهەنگی بەشی کشتوکاڵی ناحیەی بارزان و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزان، خولێکی فێربوونی پیشەی هەنگەوانیمان بۆ 105 پیاوو ئافرەتی سنووری ناحیەی بارزان کردەوە، مەرج بوو کە رێژەی 25%ی بەشداربووان ئافرەت بن، لە کۆتایش بڕوانانەی دەرچوونیان پێ بەخشرا”.
گووتیشی: ”خولەکە تایبەت بوو بە هەنگەوانی، بۆ ئەو کەسانە بوو کە مێشە هەنگیان نییە، خاوەن پڕۆژەی تایبەت نەبوون، هەروەها ئەوانەی حەزیان لە پیشەی هەنگەوانیە، بۆ ئەوەی پشت بەخۆیان ببەستن و ئەو پیشەیە ببێت بە سەرچاوەی داهات بۆیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، خولەکە بە هەماهەنگی و هەر بەشداربوویەکی خولەکە پێنج مێشە هەنگ و بایی 500 هەزار دینار پێداویستی و کەلوپەلی هەنگەوانی بۆ کڕدرا، دوای ئەوەی پڕۆژەکەیان دەستپێکرد، چاودێری کارەکانیان دەکرێت، تا شارەزایی تەواویان لە پیشەکە پەیدا دەبێت.