دەتوانم بڵێم هەنگاوی تانەدان لە كارەكانی كۆمیسیۆن و داواكردنی دەركردنی فەرمان سالاری (امر ولائی)لە دادگای باڵا بۆ ڕاگرتن و هەڵپەساردنی ڕێوشوێنەكانی كۆمیسیۆنی باڵای عیراق سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دروستترین هەنگاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حزبە سیاسیەكانی هەرێم ودواخستنی هەڵبژاردن و گێڕانەوەی كورسی كۆتاكان.
سەرەڕای تێبینی زۆرمان لەسەر ئەدای كاری دادوەری و دادكارییەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراقی بەڵام چاك لەوە تێدەگەین كە بڕیارەكانی پابەندن و شایستە بە تانە نین.
بۆیە مایەی دەستخۆشیە كە یاساناس و شارەزایانی سەربە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم، یاساییانە، دەیانەوێت نەشتەرگەری بۆ برینی جیاوازیەكانی نێوخۆی بكەن.
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵ داوای مەسروربارزانی(سەرەڕای كارەكەی )، كە تانەی دابوو لە كارەكانی كۆمیسیونی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە دەركردنی سیستەمی تۆماری لیستی كاندیدەكان ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢٤ بینی، كە داوای كردبوو ڕێكارەكانی كۆمیسیۆن، بەتایبەت كاركردن بە مادەی ٢ ی ئەو سیستەمە ڕابگیرێت و هەڵپەسێردرێت، لەبەر ئەوەی:
١- كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق، هەرێمی كوردستانی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش كردووە لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگ دەران نەك لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان، ئەمەش لەگەڵ مادەی ٤٩(یەكەم)دەستووری عیراق ناكۆك دەبێت كاتێك ژمارەی تەواوی دانیشتوان دەكاتە پێوەر نەك ژمارەی دەنگ دەر.
٢- بەهەمان شێوە بە پێی مادەی (٤٩) بێت، دەستووری عیراقی دەسەڵاتی یاسادانانی پابەند كردووە كە ڕەچاوی ژمارەی كەمینەكان بكرێت، كاتێك تێیدا هاتووە” نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی گەل لەبەرچاوبگیرێت”.
٣- كاك مەسرور(سەرەڕای كارەكەی) لە داواكەدا پێی وایە كە بەو شێوازەی تۆماری پارتە سیاسیەكان، پێكهاتە كۆتاكانی كوردستان ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن كە ئەمەش پێچەوانەی مادەی (٢ /یەكەم /ج)ی دەستوورە جونكە ئە مادەیە دەڵێ: (نابێت یاسایەك دەربكرێ كە پێچەوانە بێت لەگەڵ ماف و ئازادیە بنەڕەتیەكان كە لە دەستووردا هاتوون)، كاتێك كەمینەكانی كوردستان ناتوانن بەشداری هەڵبژاردن بكەن، مانای وایە بە ئاشكرا ماف و ئازادیان پێشێڵكراوە و پێچەوانەی ئەو مادە دەستووریەش بڕیار دراوە.
٤- بە پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵ لە (٢١/٢/٢٠٢٤) دەبوو كۆمیسیۆن بابەتیانە بڕیار بدات لە دابەشكردنی كورسیەكان بەسەر بازنەكاندا بەڵام كاك مەسرور پێی وایە ئەو جۆرە دابەشكاریە بابەتیانە نەبووە.
٥- داواكردنی چارەسەر و شوێنكردنەوەی كورسی كۆتاكان لە چوارچێوەی ١٠٠ كورسیە بڕیار لەسەردراوەكەی دادگای باڵادا.
لە یەكەم دانیشتندا دادگا بڕیاریدا بە دەركردنی فەرمان سالاریەك(امر ولائی)، بەوەی كە كاركردن بە مادەی (٢) لە سیستەمی تۆماری لیستی كاندیدەكان بۆهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە٧ ی ساڵی ٢٠٢٤، ڕابگیرێت، تاوەكو ئە سكالایە تەواو دەبێت.
بەم هەنگاوەی، مەسرور بارزانی چەند ئامانجێك دەپێكێت و بەیەك بەرد زیاتر لە چۆلەكەیەك دەكوژێت، ئەو ئامانجانەش:
١- هەڵبژاردن دوا دەخات لەبەرئەوەی:-
أ- لە ئەمڕۆوە كە دادگا (فەرمان سالار)ی بۆ ڕاگرتنی مادەی (٢)ی سیستەمی كۆمیسیۆن دەركرد، ئۆتۆماتیكی دەبێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن، چونكە بە پەككەوتنی ئەو مادەیە، كۆمیسیۆن ناتوانێت كارەكانی بكات، بەوەی لای ڕوون نیە كە كورسیەكان چۆن بەسەر بازنەكاندا دابەش دەكرێن.
ب- تاكو یەكلا بونەوەی داواكە كاتی پڕوپاگەندە، كە پێویستە ٣٠ ڕۆژ پێش رۆژی دەنگدان بێت تێدەپەڕێت، بەمەش مافی كیانە سیاسیەكان و تایبەمەندی هەڵبژاردن ون دەبێت.
ج- ئەگەر گۆڕانكاری بەسەر كورسیەكانی بازنەكانەوە بێت ڕیسی كۆمیسیۆن بەتەواوی دەبێتەوە خوری، بەوەی پێویستە دووبارە دەرگای خۆ كاندید كردنەوە بكاتەوە.
د- كاتێك كۆمیسیۆن كارەكانی ڕادەگرێت، هەموو ئامادەكاریە گرێبەستكاریەكان لەگەڵ كۆمپانیاكان ڕادەگیرێن،
ئەمەش لە ڕووی لۆجستیەوە كێشەیەكی ترە.
٢- ئێمە پێمان وایەدادگای ناڵای فیدڕاڵ بڕیار بە گێڕانەوەی كورسی كۆتاكان دەدات، چونكە بە ڕوونی لابردنی ئەو كورسیانە و پەراوێزخستنی پێكهاتە كەمینەكان، پێچەوانەی دەستوور و پێشێلی ماف و ئازادیەكانیانە، كە بە پێی دەستوور نابێت هیچ یاسایەك ناكۆك لەگەڵ ماف و ئازادی تەواوی هاوڵاتیانی عیراق دەربكرێ.
٣- ئەگەر سەرژمێریەكی تەواو لەبەر دەست دا بێت و دادگا بێلایەنانە بڕیار بدات، من وای دەبینم كە گۆڕانكاری لە ژمارەی كورسیەكانی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە دەبێت و ئەو ژمارەیەی كە پێشتر كۆمیسیۆن دیاری كردووە دەگۆڕێت.
٤- كاك مەسرور بەو هەنگاوە گرنگەی گشت داواكاریەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی بە بڕیاری دادگایەك كە لە دژایەتی پارتی سڵ ناكاتەوە لە بەرژەوەندی حزبەكەی جێبەجێدەكات.
٥- پاساوی یاسایی و ڕەوا دەداتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاوەكو بۆ جاری پێنجەم مەرسوم بۆ هەڵبژاردن دەربكات.
لە ژێر ڕۆشنایی شیكردنەوەی سەرەوەدا دەتوانین بڵین كە كاك مەسرور زیاتر لە چۆلەكەیەك بە بەردێك دەكوژێ و دادگای فیدڕالیش ناچار دەبێت پەرداغە ژەهرەكە بخواتەوە.
تێبینی: فەرمان سالاری(امر ولائی) بەپێی مادەی (١٥١) یاسای داد بینی شارستانی عێراق.
«فەرمانێك یان ڕێكارێكی كارگێڕی كاتییە كە لەلایەن دادوەرەوە دەردەچێت، لەو حاڵەتانەی كە بە یاسا دیاری كراون، لەسەر ئەو داواكارییەی كە لەلایەن یەكێك لە لایەنەكانی ناكۆكییەوە پێشكەشی كراوە و حالەتەكەش بە پەلەیە، وە پێویستە داواكاریەكە بەڵگەی پێویست و بەهێزی سەبارەت بە واقعی داواكە تێدابێت».