زاری كرمانجی-سۆران:
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە ڕۆژنامەکانی ئێران و چاپی تاران بە بایەخەوە ڕوماڵ کراوە و بووەتە مانشێت و هەواڵی سەرەکییان.
ڕۆژنامەی “ئارمانی میللی” لە چاپی ئەمڕۆ سێشەممەیدا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی سەرەکی ڕۆژنامە ئاماژەی بە دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کورستان و ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کردووە و لە هەواڵێکی لاپەڕەی سەرکیشدا، هەواڵی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بڵاوکردووەتەوە.
بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، ڕەئیسی بە نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاندووە، ئێران هیچ ڕێگرییەکی لە پەرەپێدان و فراوان کردنی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە. ئاماژەشیداوە سنوورێکی درێژ لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەش دەرفەتێکی پڕ بایەخە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان.
هەروەها ڕۆژنامەی “خوراسان” ئاماژەی بە دیداری شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کردووە و کە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی مێژووییەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و کۆماری ئیسلامی کردووە، کە پەیوەندییەکان ڕەگ و ڕیشەیەکی دێرین و بەهێزی هەیە.
ڕۆژنامەی “ڕویدادی شەهرەوەند” لە بارەی دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری ئێران نووسیویەتی، هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران کردووەتەوە و نێچیرڤان بارزانی ئاماژەیداوە، خاڵە هاوبەشە ئایینی، مێژوویی و کولتووری بە درێژایی ساڵانی دراوسێتی پەیوەندییەکی پتەو و قوڵی لە نێوان هەردوولا دروست کردووە و کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ڕۆژگار سەختەکاندا دۆست بووە و لە کاتی کێشەکانیشدا لە پاڵ عێراق و هەرێمی کوردستان وەستاوەتەوە.
جیا لەو ڕۆژنامانە، چەند ڕۆژنامەیەکی دیکەی ناوخۆی ئێران بە هەمانشێوە بە گرنگەوە باسیان لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ تاران، لەوانە ڕۆژنامەکانی “ئارمانی میهەن، جەوان، جوملە، قودس و کەیهان” ئاماژەیانداوە کە دیدارەکانی بەرپرساڵانی باڵای ئێران تەوەرەکانی پەرەپێدانی بازرگانیی و کەرتی ئابووریی و پرسە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کردووە.
ڕۆژی 5ـی ئایاری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران کە شاندێکی دیوانی سەرۆایەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ یاوەری دەکەن لەم سەردانە.