زاری كرمانجی – هەولێر:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا پشکنین و نەشتەرگەری و چارەسەری تەندروستیی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، لە سەنتەرەکانی دڵ بێ بەرامبەر بکرێ.
ئهمڕۆ سێشهممه، لە ڕاگەیاندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، بڵاوی کردەوە: “بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی، پشکنین و نەشتەرگەری و چارەسەری تەندروستیی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، بە نووسراوی پشتگیریی وەزارەتی کار و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئاماژەدان بە کۆدی تایبەتی لە سەنتەرەکانی دڵ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بێ بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.”
ئاماژە بەوەش کراوە، دوای ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وەزارەتی کار و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، و وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر خزمەتکردنی کەسو کاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، بەپێی کۆنووسی رێککەوتنەکە کە لە 19ی حوزەیرانی 2022 لە نێوان هەردوولا ئیمزا کرا.
وەزارەتی تەندروستی زنجیرەیەک نووسراوی فەرمیی وەک بڕیار و گشتاندن و بەدواداچوون ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە هەموویان بۆ خزمەتی زیاتر و ئاسانکاری کردنە بۆ کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی.