زارى کرمانجى-سۆران:
کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای راگەیاند: ” ئەمڕۆ تاوەباران و هەورەتریشقە لە ناوچەکانی هەرێم بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە”.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمى كوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێـت، لە هەندێک لە ناوچە شاخاوییەکان هەوری تەواو دەبێت و لێزمەباران دەستپێدەکات و هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە هەندێک کاتدا بارانبارین و هەورەتریشقە سەنتەری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەگرێتەوە، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تاوەکو ئێوارە لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجەش تاوەباران و هەورەتریشقە دەبێت.
باسی لەوەش کردووە، لە شەودا ئاسمان لە سەرجەم ناوچەکان بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت و پلەکانی گەرما چەند پلەیەک دادەبەزن.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سبەی چوارشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت ئەگەری نمەباران لە هەندێک ناوچەی جیاواز هەیە و بڕی دابارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما ١ بۆ ٣ پلە بەرز دەبنەوە