مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕاگەیاند 150 كەناڵی تەلەڤزیۆنی و 146 ڕادیۆ لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی فەرمییان هەیە و كار دەكەن، لە پاڵ ئەوەشدا بە دەییان پەیج و وێب تیڤی تریش هەن كار دەكەن، بەڵام بێ مۆڵەتن.
شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامارەی كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ لە هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو و دەڵێت “30 كەناڵی ئاسمانی و 70 كەناڵی ناوخۆیی لەسەر ئاستی شار یان پارێزگایەك، هەروەها 50 كەناڵی تری سەرتاسەری بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان پەخش دەكەن و جگە لەگەڵ 146 ڕادیۆ كە خاوەن مۆڵەتی خۆیانن،”
ئاشكراشی دەكات چەندین پەیج و وێب تیڤی هەن كە بە مایكەوە كار دەكەن، بەڵام بێ مۆڵەتن و ئامادەش نین مۆڵەت وەربگرن و دەڵێ “پێشتر ڕێنماییمان بۆ ڕێكخستنەوەی میدیا دەركردووە، بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بەهۆی ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی ڕێنمایییەكان كران، بەوەی ئازادیی میدیا بەرتەسك دەكاتەوە ڕاگیراوە،”
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەشڵێت “ئەو جۆرە پەیج و وێب تیڤییەوە پشێوییان دروست كردووە لە نێو كۆمەڵگە.”