”دەیان ملیۆن کەس لە گوگڵ بەدوای وشەی کوردستان گەڕاون”
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
فیلمى دیکۆمێنتارى ”نهێنیەکانى نیاندەرتاڵ” لەسەر ئەو ئافرەتەى 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا، لە ئەشکەوتى شانەدەر ژیاوە، لە تەلەفزیۆنى نێتفلێکسى ئەمریکى لە ماوەى 3 ڕۆژ لە تەواوى جیهان نیو ملیار بینەرى هەبووە.
دوای ئەوەی تیمێکی بەریتانی کەللـەسەری مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دەدۆزنەوە، کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی بیکەنە مۆدێلێکی سێ رەهەندی و بەڵگەفیلمێکیشی لەسەر بەرهەمدەهێنن.
فیلمى دیکۆمێنتارى ”نهێنیەکانى نیاندەرتاڵ” کە لەسەر کەللـەسەری ئافرەتێکى نیاندەرتاڵى ئەشکەوتی شانەدەر بەرهەم هاتووە، تا ئێستە لە سەرانسەری جیھان، لە ماوەى ٣ ڕۆژدا نیو ملیار کەس لە تەلەفزیۆنی نێتفلێکسی ئەمەریکی سەیری فیلمەکەى کردووە.
بەختیار عزەت سلێمان بەگ، کوردێکى دانیشتووى وڵاتى ئەمریکایە لەمبارەیەوە دەڵێت: ”نەنە زارا، پاش 75 ھەزار ساڵ لە مردنی و ناشتنی لە ئەشکەوتی شانەدەری دامێن چیای برادۆست، خێری پتر ھەبوو لە ھەر ھەموو ڕاگەیاندنی کوردستانی ھەنووکەیی، بۆ ناسینی کوردستان و کورد”.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە فیلمەکە دەڵێت: ”شانەدەر لە کوردستانە” نەک کوردستانی عێراق، پاش پێشاندانى ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییە، لەوھەفتەیە دەیان ملیۆن کەس لە گوگڵ بەدوای وشەی کوردستان گەڕاون.
هەروەها ئەوەشى روونکردەوە، فیلمی ”رازەکانی نیاندەرتاڵ” سەرکەوتنێکی پەیوەندی گشتیی و ڕاگەیاندن بوو بۆ کوردستان، زەختی نەیارانی گەلی کوردستانی زۆر بەرزکردۆوەتەوە.