جەبار عەبدوڵڵا مهاجر
سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران و ئەو پێشوازییە گەرمەی لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە لێی كرا دەلالەت بوو لەوەی كە ئێران دەمێكە چاوەڕێی سەردانێكی لەو شێوەی بارزانی بوو بۆ ئەو وڵاتە، ئێران لە قۆناخێكی سەختی ئابووری و سەربازیدایە هەڕەشە ناوخۆی و دەرەكییەكان تەنگی پێ هەڵچنیوە، بۆیە زیاتر ئێران دەیەوێت پەیوەندییەكی باشی هەبێت لەگەڵ دراوسێكانی وەكوو توركیا و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، هەرێمی كوردستان تایبەتمەندییەكی گرنگی هەیە بۆ وڵاتی ئێران لەڕووی بازرگانی و ئەو سنوورە جوگرافییەی كە عێراق و ئێران لە یەكتری جیا دەكاتەوە، بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكان بۆ هەردوولا گرنگی خۆی هەیە دەرگایەكی نوێی دەكرێتەوە بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان هەولێر و تاران، تەبعەن ئەم سەردانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دوای ئەوە هات كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەردانی بەغدای كردووە لەگەڵ چەندین لایەنی سیاسی لە عێراق كۆبوویەوە، نێچیرڤان بارزانی وەكوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕاشكاوانە بە حكومەتی عێراقی گووت پێویستە كێشەكان لە زووترین كات چارەسەر ببن و كۆتای بەو ناعەدالەتییە بێت بەرامبەر بە دواخستن و نەناردنی بودجە مووچەی هەرێمی كوردستان، دواتر لە كاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ سەردانی وڵاتی ئێرانی كردووە لەلایەن بەرپرسە باڵاكانی ئەم وڵاتە پێشوازییەكی گەرمی لێكرا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشە هەنوكەیەكان سەردانی ئێرانی كردووە، ئەم سەردانە ئامانجی تایبەتی و گشتی لە خۆی دەگرێت و چەند تەوەرێكی تایبەت بەهەردوولا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، یەكێك لە تەوەرە هەرە گرنگەكانی ئەو كۆبوونەوانە پاراستنی سەروەری خاكی هەرێمی كوردستانە لەو هێرشانەی كە لە ماوەی ڕابردوو دەكرانە سەر پێگە گرنگەكانی هەرێم و بە ئامانج گرتنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل كوشتن و برینداركردنیان، لە درێژەی دیدار و كۆبوونەوەكان تەوەری تر هەن كە باسیان لەسەر بكرێن كە زۆر زەروورن بۆ دروست بوونی پەیوەندییەكی تۆكمە لەنێوان هەولێر و تاران، ئەویش بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانە كە لە ئایندەیەكی نزیك ئەنجام دەدرێت و پێویستە ئێران پشتگیری هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێ غەش بكات بۆ دروست بوونی ناوچەیەكی ئارام كە لە سوودی ئێراندایە بە دەرەجە یەك، چونكە دروستبوونی هەر بارگرژییەك لە ناوچەكەدا دەبێتە هۆكاری نزیك بوونەوەی ناحەزان و دوژمنانی ئێران، ئەو سەردانە دەبێتە هۆكارێك بۆ شكاندنی ئەو بەربەستانەی كە لە نێوان هەردوولادا هەبووە لە ماوەكانی ڕابردوو، لەلایەكی تر گەیاندنی نیت پاكی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسانی ئێران كە هیچ كات شەریكی ئەو هەڕەشانە نین كەلەلاین وڵاتانی ڕۆژئاوا دەكرێنە سەر وڵاتی ئێران و نابینە بەشێك لە پشتگیری هیچ لایەك كە ئارامی ناوچەكە تێك بدات، لەلایەكی تر لە كاتی بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەنێوان هەولێر و تاران كاریگەری ڕاستەوخۆ دەكاتە سەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق جێبەجێ كردنی داواكارییەكانی كورد لە حكومەتی عێراق كە گرنگترینیان جێگیركردنی بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە كە مافێكی شەرعی و دەستوورییە لە حكومەتی عێراقدا، لەگەڵ چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو وڵاتە لەلایەن بەرپرسانی عێراقی بە گرنگەوە وەسف كرا، حكومەتی ئێران دەتوانێت ببێتە چەقی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێرراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، نیازپاكی ئێران بەرامبەر هەرێمی كوردستان لەو ڕوانگەیەوە دەردەكەوێت تا چەند ئامادەیە ببێتە ناوبژیوانێكی باش بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی باش لەنێوان هەردوولادا، لە كۆتایدا ئەوەی زۆر گرنگە پێویستە ئەو سەردانانە بەردەوامیان هەبێت لەنێوانیان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بنەڕەتی كە لە سوود و قازانجی ناوچەكە و هەر دوو لادایە،