مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەگەرچی بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی خۆی نیساندا بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل و ڕاگرتنی شەڕ، بەڵام ئیسرائیل بە كۆنترۆڵكردنی دەروازەی رەفەح وەڵامی ئاگربەستەكەی حەماسی دایەوە .
دوای ئەوەی حەماس بڕیاری قبووڵكردنی پێشنیازەكانی ئاگربەستی دا، ئیسرائیل ڕاگەیاند كە هیچ داواكارییەكی ئەوان لە نێو پێشنیازەكانی ئاگربەست دانییە، بۆیە لەلایەن كابینەی بەرگریی ئیسرائیل بڕیاری ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە شاری رەفەح درا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ـي ئایاری 2024، سوپای ئیسرائیل ڕاگەیاند “هێزەكانی بەرگریی ئیسرائیل لە ناوچەی رەفەحی ڕۆژهەڵات، هێرش دەكەنە سەر ئامانجەكانی حەماس.”
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە دەروازەی رەفەح لەلایەن هێزەكانی وڵاتەكەی دەستی بەسەرداگیراوە و لە ئێستادا سوپا پێشڕەوی دەكات بەرەو سەنتەری شارەكە.
هاوكات میدیاكانی فەلەستین بڵاو كردووە كە هاتووچۆ و ناردنی هاوكارییە مرۆیییەكان لەڕێگەی دەروازەكەوە بەتەواوی وەستێنراوە.