زاری كرمانجی-سۆران:
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھەموو داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراقمان جێبەجێکردووە و لیستی مووچەشمان بۆ رەوانە کردوون، پێویستە بەغدا مووچە رەوانە بکات، چونکە ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی نیسان رەوانە بکەن.
ھونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی، ئێمە وەک وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە٢٢ی مانگی ڕابردوو لیستی مووچەمان بۆ بەغدارەوانەکردووە، بۆیە دواکەوتنەکە لە لایەن بەغداوە بووە و ھەر چی بیانووەک ھەبێت پێویستە لەماوەی ئەم چەند ڕۆژە بەغدا مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات، چونکە ھەر چی داواکراوە لەلایەن بەغداوە ئێمە جێبەجێمان کردووە و ئێستا ئەرکی بەغدایە مووچە رەوانە بکات.
ھونەر جەمال گوتیشی، ھەموو رێکارەکان تەواوبوون و شتێکی وانەماوە لەبەردەم ناردنی مووچە و ئەوان خۆیان مووچەیان دابەشکردووە و کاتی ئەوە ھاتووە مووچە رەوانە بکەن، چونکە زۆرجار بۆ بیانوو باسی نەختینە دەکەن و مەرج نییە بەردەوام ئەو گرفتە ھەبێت، بۆیە پێویستە مووچە رەوانە بکەن.