زاری كرمانجی-سۆران:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران كۆبوونه‌وه و تێیدا بیروڕایان ده‌رباره‌ی دۆخی ئه‌منی و هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش گۆڕییه‌وه.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 6ـی ئایاری 2024)، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، له درێژه‌ی سه‌ردانه فه‌رمییه‌كه‌یدا بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، له‌گه‌ڵ عه‌لی ئه‌كبه‌ر ئه‌حمه‌دیان، ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، كۆبوونه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ی دۆخی ئه‌منی و هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری، مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه و كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانیان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له هاریكاریی هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌ردوو وڵات له‌پێناو ئارامی و ئاسایش‌دا كرده‌وه و هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیی ڕێگرتن له په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌كان و به‌دوورگرتنی ناوچه‌كه له پشێویی زیاتر.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌حمه‌دیان به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق به هه‌رێمی كورستانه‌وه ده‌ربڕی، نێچیرڤان بارزانیش دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه فاكته‌ر‌ی ئارامی و سه‌قامگیری ده‌بێت له ناوچه‌كه‌دا و بۆ هیچ لایه‌نێك نابێته هه‌ڕه‌شه.