محەمەد ئامۆکەیی – زاری کرمانجی
بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە وا بڵاوکرایەوە لە گەڕەکی ڕاپەڕینی سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، بەهۆی هەورە بروسکەوە ئافرەتێک لەکاتی ئامادەکردنی نانی بەیانی کە لە ژووری چێشتخانەکەی بووە و غازی داگیرساندووە، لەو کاتە بروسکە بەهێزەکە هاتووە، ژوورەکە دەبێتە یەکپارچە ئاگر و بەوهۆیەوە بەشێکی جەستەی دەسوتێت.
کەس و کاری گەوهەر ئەو ژنەی لە رووداوەکە زامدارە بە زاری کرمانجیان راگەیاند:“ بەشێکی جەستەی سوتاوە بەتایبەت دەم و چاوی ئێستا ڕەوانەی هەولێر کراوە بۆ چارەسەری پێویست.
ئاماژەیان بەوەشکرد:“ تا ئێستا بۆیان روون نەبووتەوە کە رووداوەکە چۆن بووە، بەڵام لە کاتی هەورە بروسکە ئەم رووداوە روویداوە.
رەوەند هاودیانی، گووتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند:“ ئاگادار کراینەوە کە رووداوێکی سووتان هەیە لەگەڕەکی ڕاپەڕینی سۆران تیمەکانمان چوونە شوێنی رووداوەکەو دەرکەوت بەهۆی لێچوونی غاز رووداوەکە روویداوە و تیمی بەرگری شارستانی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.
جێگای باسە بەهۆی نەبوونی بەشی چاودێری سووتان لە ئیدارەی سۆران، بۆ هەر حاڵەتێکی لەمجۆرە دەبێت کەسەکە بنردرێتە هەولێر بە مەبەستی چارەسەری.