فاطمە عبداللە حمدامین
قۆناغی چوارەم بەش مێژوو زانکۆی سۆران
لە (٦ ئەیلولی ١٩٣٠)ز لەبەر دەرکی سەرای حکومەت لە شاری سلێمانی ڕاپەڕینێکی بەکۆمەڵ هەڵگیرسا، کەتیایدا بۆ یەکەمجار بوو توێژی ڕۆشنبیر و مامۆستاو فەرمانبەران و قوتابیان و کاسبکارانی شار لەدژی دەسەڵاتی حکومەتی عێڕاق و بەریتانیا ڕاپەڕین ئەنجام بدەن.
لەساڵی ١٩٣٠ کارەساتی ڕەشی ٦ی ئەیلول بەرپابوو، ئەو کارەساتە کاتێ پەیمانی عێراقی_بەریتانی بەسترا لە ١٩٣٠ یەک بەندی تێدانەبوو باسی مافی کوردی بکا، کوردەکان مشاوەش بوون بەتایبەت لە سلێمانی، کاتێ نوری سەعید بڕیاری دا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەک تاکو لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانێک بێتە کایەوە، زۆرینەی زۆری لە حزبی خۆی بی و بەئاسانی بتوانن دەنگ بە پەیمانی ١٩٣٠ بدەن لە سلێمانی، خەڵک بڕیاری دا یەک کەس نەچێتە هەڵبژاردن، ئەوەبوو دوکان و بازاڕ داخراو خەڵک لەبەر دەرکی سەرای سلێمانی کەوتنە خۆ پیشاندان دژی هەڵبژاردن.
جەیشی عێراق بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکە تێکەڵاوی ڕووداوەکە بوون، دەیان کەس کوژران و دەیان کەس بریندار بوون و دەیان کەسایەتی ناسراوی سلێمانی گیران، جیاوازی ئەم ڕاپەڕینە لەگەڵ ڕاپەڕینەکانی تر ئەوەبوو لەجیاتی شێخ و سەرۆک عەشیرەت و دەرەبەگە گەورەکانی ئەوکات ئەمجارە ڕۆشنبیرو مامۆستاو فەرمانبەر و کەسایەتیە ناسراوەکان سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکەیان دەکرد، وە بەر لەوەی شەڕو پێکدادان و ئاڵۆزی ڕووبدات، خەڵکەکە بەشێوەی کاری سیاسی و خۆپیشاندانی مەدەنیانەو گفتوگۆ هەوڵیان دا ویست و داخوازیەکانی خۆیان بخەنە بەر باس، کە بریتی بوو لە مانگرتن و نوسینی یاداشت و دروشم و داوای ڕەوا، لەو خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەدا لەجیاتی ناوچە شاخاوی و سەختەکان ئەمجارە ناوەندی شارەکان و قوتابخانەو بازاڕ و دام و دەزگا حکومیەکان کرانە مەڵبەندی چاڵاکی شۆڕشگێڕانە.
لەئەنجامدا ژمارەیەک لەکەسوکاری قوربانیانی ڕاپەڕینەکە چوونە لای شێخ مەحمود و داوایان لێکرد تۆڵەیان بستێنێتەوە، ژمارەیەکی دیکەی خەڵکیش کە لەنێویاندا ئەفسەر و ڕوناکبیر دەبینران، ئەوانیش پشتگیری و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ سەر لەنوێ دەستپێکردنەوەی شۆڕش.