زاری كرمانجی – سۆران :
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە یەكەمین كۆنفرانسی كەرتی دڵنیایی وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕای گەیاند، پرۆژەی دڵنیایی پرۆژەیەكی تری حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە هاوبەشیی كەرتی تایبەت، بۆ پاراستنی ماڵ و سامانی هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی ئایار، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یەكەمین كۆنفرانسی كەرتی دڵنیایی وەزارەتی دارایی و ئابووری كوردستان ڕاگەیاند “كەرتی دڵنیایی خزمەت بە هاووڵاتییان دەكات تا سەروماڵیان پارێزراو بێت، ئەو پرۆژەیە ڕێكخستنێكی تری دارایییە لە نێوان حكومەت و هاووڵاتییان لە ڕێی كەرتی تایبەتەوە.”
دەشڵێت كەرتی دڵنیایی پێویستی بە بووژانەوەی كەرتی بانكیی هەیە، چونكە یەكێكە لەو سێكتەرەكانی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی، زۆر بە گرنگیی كاری لەسەر دەكات.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش كرد كە پرۆژەی هەژماری من، یەكێكە لە بەرنامە و پرۆژە هەرە پێشكەوتووەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پەرە بە خزمەتگوزارییەكانی بانكیی لە هەرێمی كوردستان دەدات.