زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتیی شوێنەواری ھەرێم، دەڵێت: تا ئێستا تەنیا لە ئەشکەوتی شانەدەر شوێنەواری نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە..دەشڵێ: لە ئەشکەوتی شانەدەر پارکێکی شوێنەوار دروست دەکرێت.
ڕامیار جەوھەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار ڕاگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٢ ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ ئەو تیمەی زانکۆی کامبرێجی بەریتانی ھەیە، لە چەند ساڵی ڕابردوو کاری لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر کردووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ئامادەبوونی تیمەکە ڕۆژی چوارشەممە ڕێوڕەسمێک لە ئەشکەوتی شانەدەر بەڕێوە دەبات.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتیی شوێنەوار گوتیشی: گرێبەستی دیکەشمان ھەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەشکەوتی شانەدەر، لەو لێکۆڵینەوانەی تا ئێستا کراون تەنیا لە ئەشکەوتی شانەدەر شوێنەواری نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە، لەوانەیە لە سنووری سلێمانیش لێکۆڵینەوەمان ھەبێت، بەڵام ھێشتا ئاشکرا نەکراو.
ڕامیار جەوھەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە دەڤەری برادۆست لێکۆڵینەوەی دیکەمان ئەنجامداوە و شوێنەواری مێژوویی ھەن کە مێژووەکەی بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام شوێنەوارەکەی برادۆست ناگەڕێتەوە بۆ سەر دەمی نیاندەرتاڵ.
ئەشکەوتی شانەدەر بەھۆی مێژووەکەی خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکات، لەبەر ئەوە بڕیارە لە چوارچێوەی کارکردن لە ئەشکەوتی شانەدەر پارکێکی شوێنەوار لە ئەشکەوتەکە دروست بکرێت.