لیژنەی تەندروستی ژینگە لە پەرلەمانی عێراق : ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و 638 كەس لە عێراق تووشی ئایدز بوون
مەهدی محەممەد – ڕواندز :
سەندیكای پزیشكانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێكدا هۆشداری دەدات كە سەنتەرەكانی جوانكاری و تاتۆ دەكرێت هۆیەكی سەرەكیی تووشبوونی نەخۆشی ئایدز بن.
سەباح شبر، سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی عێراق ڕایگەیاند “بەشی زۆری ئەو سەنتەرانەی تایبەتن بە جوانكاریی و تاتۆ، مۆڵەتی وەزارەتیی تەندروستیان نییە، ئەمەش وای كردووە كە ئەو سەنتەرانە ببنە هۆكارێك بۆ گواستنەوە و تووشبوونی خەڵك بە ئایدز،”
لە ساڵی 2022، تەنیا لە پایتەختی عێراق 400 سەنتەری جوانكاری هەبوون و بەشی زۆرییان بێ مۆڵەت بوون.
هاوكات دكتۆر ماجید شەنگالی، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی ژینگە لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند كە لەلایەن لیژنەیەكی بەدواداچوونی ئەوانەوە، ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و 638 حاڵەتی تووشبوون بە ئایدز لە عێراق تۆمار كراوە و دەشڵێت “لەو ژمارەیە 470 تووشبوویان گیانی لەدەستداوە.”