رێبوار حەمەلاو شوانی
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ، جۆرها پیلانگێری و چەک و سیناریۆ وگەمارۆدان لە دژی هەرێمی کوردستان لە پێناو گۆشەگیرکردنی سیاسی و دیپلۆماسی و پەراوێزخستنی ئەنجامدرا ، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان ، توانی زۆر لێهاتووانە و ژیرانە وەک کاراکتەرێکی بەهێزو نادەوڵەتی چ لە سەر ئاستی هەرێمایەتیی و چ ئاستی نێودەوڵەتیی توانی ئاستەنگ وکۆسپەکان تێکبشێنێت و ئەوەش بەهۆی ڕژدبوونی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بوو کە بەهەوڵ و تێکۆشان و سیاسەت و دیپلۆماسی کارا وهێزی نەرم ، گشت پیلانگێڕییەکانی پووچەڵکردەوە و ڕێرەوی ئایندەی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی باشتر وپێشکەوتووتر ئاڕاستەکرد ، بەشێوەیەک ، کە ئەمڕۆ دەبینن کە رۆژانە سەرۆک و سەرکردە و وەزیرانی دەرەوە وچەندین شاندی گەورەی وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوە بە شێوەی فەرمی سەردانی ناوچەیەکی جیاواز و بیرکردنەوە و دیپلۆماسییەتێکی سەرکەوتووتر لە عێراق دەکەن ، ئەمەش وایکردووە کە کوردستان توانیوێتی وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیی و ناوچەییدا رۆڵ و سەنگ و پێگەی متمانەپێکراوەی خۆی هەبێت .
لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری مافی ئەوەیە هەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەشداری بکات ، ئەوەش ئاماژەیە بەوەی کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی هەموو کورد سیاسەت و دیپلۆماسی دەکات ، چونکە قەوارەیەکی ددانپێدانراوی نێودەوڵەتییە و بە پێی دەستووری هەمیشەیی عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ، هەر ئەوەشە وایکردووە کە خاوە سەنگ پێگەی خۆی بێت و لەلایەن وڵاتانی زڵهێزی دونیا و بەتایبەت ئەمەریکاو فەرەنسا و بریتانیاو ئەڵمانیا وچین ورووسیا خاوەن پێگەی خۆی بێت .
بانگهێشت وسەردانە فەرمییەکان لە سەر ئاستی ناوچەیی بۆ هەولێری پایتەخت وپێچەوانەکەشی ئەنقەرە و تاران و وڵاتانی عەرەبی و ئەرووپایی و ئەمەریکا دەرخەری ئەو راستیانەن کە چۆن سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان توانیوێتی سەرکەوتووانە مامەڵە لەگەڵ هاوکێشەکانی ناوچەکە و رووداو پێشهاتەکانی دەوروبەری بکات و نەکەوێتە نێو ململانێ و شەڕی زڵهێزان و جەمسەربەندییەکانەوە ، بەڵکو بەرگری لە مافەرەواکانی گەلەکەی و قەوارەکەی بکات ، بە شێوەیەک ئەمڕۆ ئەو جۆرە دیپلۆماسییە کارایەی کوردستان بووەتە جێگەی سەرنج و بایەخی کۆمەڵگەی نێودەڵەتیی و لەهەمانکاتیشدا سیمای جوانی حکوومرانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەکردنی لەگەڵ دوونیایی دەرەوە و دراوسێ و ناوچەکە پیشان دەدات .
بە هەڵوەستەکردن لە سەر سیاسەت و دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان ، بۆمان روون دەبێتەوە کە ، رۆژ بە رۆژ پێشکەوتن و پەرەسەندی زیاتر و بەرچاوتر بەدی دەکرێت لە رووی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیشەوە ئەوە ئاماژەیە بە بەرژوەندی هاوبەش لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و جیهان ، بەشێوەیەک ڕابردوویی بەرەو داهاتوویەکی گەشەسەندووتر و پێشکەوتوو جێهێشتووە .
دوای بڕینی هەموو ئەو هەوراز و نشێوانە ، ئەمڕۆش باش لەو راستییە گەیشتوون کە پێگەی هەرێمی کوردستان چەند گرنگ و پڕبایەخە،بەتایبەتی کە گەلی کورد ،وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن و گەورە دوای دەیان ساڵە تا ئێستا بەهۆی بەرژەندی زلهێزان وچاوچنۆکی داگیرکەرانەوە تا ئێستا خاوەن دەوڵەتیی سەربەخۆیی خۆی نییە ، بەڵام بینیمان کە دوای دەیان ساڵ کاتێک گەلی کورد راپەڕینی کرد و ئینجا خاوەن قەوارە و حکوومرانی خۆی ئینجا توانی سیمای جوانی خۆی وەک نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و پێشکەوتنخواز پیشانی هەموو ناوچەکە و جیهاندا ، هەر ئەوەش بوو کە ئەمڕۆ شوناس و ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەوروپا و هەموو دونیاش ئەمرۆ خوازیارن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئاستی پەیوەندییەکانیان پتەوتر وبەهێزتر بکەن.
هەر ئەو دیپلۆماسی و سیاسەتە سەرکەوتووانەیە کە ، هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی ناوچەکە گرنگی پێبدرێت ، چونکە هەم قەوارەیەکی دیموکراسیخواز و هەمیش دیپلۆماسیەت و سیاسەت وپەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان و زڵهێزان پتەوە ، سەردانی سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە و بە پێچەوانەوە بانگهێشتی هەرێمی کوردستان و وەک قەوارەیەکی نیوە سەربەخۆ بۆ کۆڕبەند و کۆنفرانسەکان ئاماژەیە بە سەرکەوتوویی دیپلۆماسی کوردستان .
هەر ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییە سەرکەوتووانەیە کە وایکردووە کە هەرێمی کوردستان بە جیهانی دەرەوە بناسڕێت و لە سەر ئاستێکی بەرزیش پێشوازی لە سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستان بکرێت لە لایەن سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە و هەرێمی کوردستانیش وەک ناوچەیەکی گرنگ وستراتیژی حسیابی بۆ بکرێت ، چونکە پێگەی سیاسی و ئابووری و جوگرافی و سەربازی کوردستان گرنگ و بایەخدان بەتایبەتی کە گەلی کورد وهێزی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵی گرنگ لە فەراهەمکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لە هەڕەشە و مەترسییەکان دەبینن ئەمەش جێگەی ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان بەدواوە هاتووە ، هەروەها بوونی ئەزموونێکی دیموکراسی و فیدراڵیی وەک هەرێمی کوردستان لە نێو پرۆسەی سیاسی عێراقدا وایکردووە کە زیاتر گرنگی و بایەخ بە هەرێمی کوردستان بدرێت و پشتیوانی لێبکرێت ، هەموو ئەمانە ئاماژەن بە سەرکەوتنی دیپلۆماسی کوردستان لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا .