محەمەد ئامۆكەیی – زاری كرمانجی:
بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو بە دەیان هەزار مین لەناوچە سنوورییەكانی هەرێم چێنراون، تا ئێستاش كاری پاككردنەوەی كێلگەكان و بەردەوامی هەیەو لەم ساڵەشدا ژمارەیەك هاووڵاتی بوونەتە قوربانی مین.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مینی هەولێر، بە زاری كرمانجی راگەیاند” چەندین كیڵگەی مین لە ناوچە سنوورییەكانی قەزاكانی سنووری ئیداری سۆران هەن و لە ئەم ساڵ كاری پاككردنەوە لە پێنج كێلگە كراوە و لە ئایندەیەكی نزیك رێوڕەسمی رادەستكردنەوە بە خاوەنەكانیان دەكرێت”.
بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مینی هەولێر ئاماری قوربانیانی مین لە دە مانگی ئەمساڵ ئاشكرا دەكات و رایگەیاند” بەهۆی بەركەوتنیان بەمین 36 هاووڵاتی لە سەرانسەری كوردستان بوونەتە قوربانی، شەش یان لە سنووری بەڕێوەرایەتیمانن و كەسێك گیانی لەدەستداوە و ئەوانی تریش كەمئەندام بوونە.