دیمانە- شەهلا رەشید
هەیمەن هۆمەر،كێیە، ئەو گەنجە كوردە چۆن بووەتە یەكەمین هەڵبژاردە لەنێو فیلمێكی ئەمریكی، ئایا چ شتێك وای كردووە كە لە كوردستانەوە ڕوو لە ئەمریكا بكات؟ لە دیمانیەكی تایبەتی زاری كرمانجی زانیاری دەخاتەڕوو.
هەیمەن هۆمەر، ئەكتەری بەتوانا و لێهاتووی كورد، كە خەڵكی هەولێرە و بەشداری لە فیلمی پێغەمبەر عیسا و چەندین كاری هونەری و رێكلامی بیانی كردووە، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجیدا رایگەیاند” دەرچووی بەكالۆریۆسم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی بەشی سیاسی، لە زانكۆی سەلاحەدین، هەروەها ساڵی 2017 كۆچم كرد بۆ ئەمریكا و لەوێش لە ویلایەتی تینیس بەشی ئەكتەریم تەواو كردووە.
دەشڵێت: ” وەك گەنجێكی كورد لە ئەمریكا نوێنەرم هەیە و ئەوان لەو رێگەیەوە منیان دۆزییەوە و داوایان لێكردم كە بەشداری فیلمێك بكەم بەناوی The Messiah ئەوەبوو لەنێو زیاتر لە 200 كەس هەڵبژێردرام و یەكەم كەس بووم لە رۆژهەڵانی ناوەڕاست، فیلمەكەش باس لە مێژوویی ئایینی مەسیحییەت دەكات و من رووڵی سەرەكی (پێغەمبەر عیسا)م گێڕاوە، پێشتر ئەو ڕۆڵی زیاتر كەسە سپییەكان دەیانگێڕا، بەڵام ئەوان منیان بە گونجاو زانی و هەڵیانبژاردم.
ئاماژەی ئەمەشدا ” بۆ من شانازییەكی گەورە بوو كە وەك گەنجێكی كورد بەشداریم كرد و تێدا سەركەوتوو بووم، هەر بۆیەش دەمەوێ كاری زیاتر و باشتر بكەم بۆ ئەوەی بتوانم لە دەرەوەی وڵات زیاتر وەك گەنجێكی كورد دەربكەوم.
هەیمەن هۆمەر، ئاشكراشیكرد” جگە لەم فیلمەی كە باسمان كرد، كورتە فیلمێكی دیكەشم هەیە بەناوی Aman داستانەكەی لە گەورەترین مۆزەخانەی جیهانی واشنتۆن پەخش دەكرێت، هەروەها جگە لەمانەش چەندین رێكلام و كلیپی هۆڵیوودم هەیە و یەكێك لە رێكلامەكانم لەنێو زیاتر لە 25 مۆڵی ئەمریكا بڵاوبووتەوە و یەكێكیشیان لە گەورەترین مۆڵێكی ئەمریكا هەڵواسراوە.
ئەم گەنجە لە كۆتای قسەكانی سەبارەت بە كارەكانی، گووتیشی” دەمەوێ زیاتر خۆم ماندوو بكەم بۆ ئەوەی پێگەیەكی هونەری كوردی دروست بكەم و ببێتە پردێك لەنێوان ئەكتەرەكانی ئەمریكی و كوردستان، بۆ من شانازییەكی گەورەیە كە كوردم و لەوێ گرنگی بە كارەكانم دەدرێن بۆیەش لە ئایندەدا چاوەڕێی كاری جوانتر و باشتر بن و هیوادارم بتوانم وەك پێویست زیاتر خزمەت بكەم.
