دەزگای ئاسایشی هەرێم راگەێندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بە دەستگیر كردنی گەورە بازرگانێكی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەرەكای داوە و لە كاتی دەستگیر كردنیدا بڕی ( 3 كیلۆو نیو ماددەی هۆشبەر پێ بووە .
لە راگەیەنراوێكدا هاتووە” بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر و كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری وورد لەسەر بوونی بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر لەسنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە رۆژی 4-5-2024 تواندرا تۆمەتبار (ئ ، م ، ح)دەستگیر بكرێت و لەكاتی دەستگیركردنیدا دەستبەسەر بڕی ( سێ كیلۆ گرام و نیو )ماددەی هۆشبەر و چەندین پارچە چەكی تۆمەتباردا گیرا”.
ئاسایشی هەرێم زیاتر روونیكردۆتەوە ” ئەم بازرگانە لە سنوورەكانی نێوان وڵاتانی عێراق و سوریا كاری بازرگانی ماددەی هۆشبەری كردووە و لە هەفتەی ڕابردوودا پاش ئەوەی بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەر دەنێرێت بۆ شاری (بغداد) دەستیبەسەردا دەگیرێت”.
لە راگەێندراوەكەدا هاتووە” تۆمەتبار لە ڕابردوودا چەندین جار لەهەوڵی دەستگیركردنیدا بەچەك ڕووبەڕوی هێزە ئەمنییەكان بۆتەوە و هەڵاتووە”.
لە كۆتایی راگەێندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم هاتووە ” ئێستا بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراوە لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكەی بەردەوامە”.