هەدیە ئەشرەف ئەحمەد
پیرەباو یان باپیر پیرەباو كەسایەتییەكی ئایینی و كۆمەڵایەتییە، نزیكەی 400 بۆ 450 ساڵ لە گوندی گرتكی باڵەكایەتی ژیانی بردووەتە سەر، مەزارگە و گەورەترین گۆرستانی گوندەكە بە ناوی ئەو كراوە و ژن و منداڵەكانی لەوێ نێژراون، پیرەباو كەسێكی ئایین پەروەر و عیرفانی و خودایی بووە، دۆستی ژینگە و هەوڵی زیاتر جوانكردنی داوە و بایەخی زۆری بە كاری كشتوكاڵی و ئاودێری داوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەهلی چاكە و هاوكاریكردن و یارمەتیدان بووە و كەسایەتییەكی خۆشەویستی ناوچەكەی بووە.
نەوەكانی پیرەباو لە زۆر شوێنی كوردستان وەك (هەولێر و ئاكرێ و گوندی گرتك) لە باشووری كوردستان و شاری (مەهاباد) لە رۆژهەڵاتی كوردستان ژیان دەكەن و شانازی بە پیرەكەی خۆیانەوە دەكەن و لەسەر ڕێبازی ئەو بەردەوامن، تا ئێستا سێ دیداریان كردووە بەناوی دیداری نەوەكانی پیرەباو لە گوندی گرتك و گوندی خەتێو هەولێر.
چەندین زانا و پیاوی ئایینی لەسەر رێبازی ئەو پەروەردە بوونە و شوێن پەنجەیان دیارە، لە نێویاندا ( شێخ سلێمان، مەلای خەتێ ) .