مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی هێرشی مووشەكی و درۆنی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و هەوڵەكانی بەغدا بۆ بەرتەسككردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم و سنوورداركردنی هەندێك لە دەستكەوتەكانی كورد لە ناوچەكە، ژمارەیەك سیناتۆر داوا كۆشكی سپی دەكەن گوشاری زیاتر بخاتە سەر بەغدا و وڵاتەكەیان پشتگیری لە هەرێمی كوردستان بكات.
دۆن باكۆن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا و هاوسەرۆكی كۆمەڵەی ماڵی كوردی لە كۆنگرێسی ئەمریكی، لەم بارەیەوە بە ئاژانسی میدیایی پۆڵیتیكۆی ئەمریكی ڕاگەیاند “پێویستە ئەمەریكا گوشاری زیاتر بخاتە سەر بەغدا، تاوەكوو بە شێوەیەكی باشتر مامەڵە لەگەڵ كورد بكات، ئەو كوردەی شانبەشانی هێزەكانی ئەمریكا شەڕی دژی ڕژێمی بەعس و داعش كردووە،”
دەشڵێت “كورد لە پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریكی لە ماوەی جەنگی عێراقدا یارمەتییان داین، ئەوان ڕێگەیان بۆ سەركەوتنەكانی ئێمە خۆش كرد.”
هەروەها بەشێكی تر لە سیناتۆرەكان داوای پاڵپشتی زیاتر بۆ كورد دەكەن و بوونی سیستەمێكی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێم بە پێویست دەبینن بۆ پارێزگاریكردن لە ژێرخانی ئابووری هەرێم و هەڕەشەكانی دەوروبەر.